پشتیوان كەریم-زاری كرمانجی:
چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سۆران لە قۆناغی جێبەجێ كردندان، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانەش ناوچە زیاتر ئاوەدان دەبێت.
بەپێی بڵاوكراوەیەكی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەكان بەردەوامن و كاروانی ئاوەدانی لە هەموو گوندەكانە، پڕۆژەی قیرتاوكردنی ڕێگای سەرەكی گوندەكانی “سەركان ــ كۆیلە” بەدرێژایی 4.5كم لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بە گوژمەی 670 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت.
لەڕاگەیندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: دروستكردنی دیواری پاڵپشت و ڕێكخستەكان بە گوژمەی 245 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەكرێت، هەروەها بە تەواوبوونی ئەم ڕێگایە ئاسانكاریەكی باش بۆ خەڵكی گوندەكانی دۆڵی باڵەیان دەكات.