بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، نەوزاد شێخ كامیل،گوتی: ئەمساڵ جولەی بازرگانی زۆر باشە و گەشەی كردووە، تەنیا ئەمسال ھەزار و٤٨٠ مامەڵەی بازرگانی لە ھەر چوار دەروازەی نێودەوڵەتی و ھەردوو فڕۆكەخانەی ھەرێمی كوردستان كراوە، بۆیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە.
نەوزاد شێخ كامیل گوتیشی: ئەولەویەتی مامەڵەكان زیاتر لە بواری پیشەسازی كیمیاوی و دروستكراوەكانی ئەو پیشەسازییە و كۆمەڵەی ڕووەكی و خۆراك و ئاژەڵ بوونە، بەردەوامیش مامەڵەی تازە دەدرێت. ئاسانكاریەكان و سەقامگیری سیاسیش فاكتەری گرنگن بۆ جولەی گەشتی بازرگانی، بۆیە خواست لە بازاڕ زۆرە ئەمەش وای كردووە ھاوردە زیاتر بێت، بۆیە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاسانكاری تەواو دەكات بۆ ئەوەی جولەی بازرگانی زیاتر بێت.
شێخ كامیل باسی لەوەش كرد: حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری ھەڵگرتنی باجی لەسەر ھاوردەكردنی ئاژەڵ بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت داوە، ڕاستە ھێشتا كاریگەری زۆری نەبووە .. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھاوردەكردنی ئاژەڵ كاتی پێویستە، بەلایەنی كەم دوو مانگی دەوێت تا كاروانەكان دەگەن، دواتریش كەرەنتینە دەكرێن بۆ ئەوەی دڵنیابین نەخۆش نین، بۆیە لەماوەی داھاتوو بە گەیشتنی ئاژەڵ نرخی گۆشتیش دادەبەزێت.