زاری كرمانجی- گۆڕەتوو:
لە ناحیەی گۆڕەتوو لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، هەر كەسێك بیەوێت خانوو دروست بكات دەبێت مۆڵەت لە شارەوانی و ئەو لیژنەی دروست كراوە وەربگرێت، ئەگەرنا ناتوانێت خانوو دروست بكات، سەرۆكی شارەوانی سنوورەكەش هۆكارەكەی دەخاتەڕوو.
سەفا عەلی، سەرۆكی شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو، بۆ زاری كرمانجی گوتی: هەر كەسێك بیەوێت لە ناحیەی گۆڕەتوو خانوو دروست بكات دەبێت مۆڵەت لە شارەوانی و ئەو لیژنەی كە دروست كراوە وەربگرێت كە پێك دێت لە چەندین فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتی.
سەرۆكی شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو، دەشڵێ: ناحیەی گۆڕەتوو دەكەوێتە سەنتەری دەڤەری بارزان، مەركەزێكی بازاڕییە بۆ ناوچەكە، ئەوەش وای كردووە كە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی دانیشتوانی ناحیەكە زیاتر ببن، لە 6 مانگی ڕابردوودا نزیكەی 30 مۆڵەتی دروستكردنی خانوو بە هاووڵاتییان دراوە.
سەفا عەلی، سەرۆكی شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو، ئاشكراشی كرد: ئەو زیادبوونە دەبێت لەسەر بنەمایەك بێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كێشە دروست نەبێت، بۆیە وەكو جاران نییە هەر كەسێك بە كەیفی خۆی خانوو جا لە هەر شوێنێك بیەویت دروست بكات، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتی شارەوانی دیراسە كراوە ماستەرپلانێك دادەنرێت و لەسەر ئەو بنەمایە شار فراوان دەبێت.