له‌میانه‌ی شەشەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق لێكتێگه‌یشتنمان هه‌یه.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند، دووپاتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ینه‌وه، خۆشحاڵم به به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان، هیوای به‌رده‌وامی و چاره‌سه‌كردنی یه‌كجاره‌كی هه‌موو كێشه‌كان ده‌خوازم، هه‌ر ئه‌وه‌ش خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی عێراق و به هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌كات.
ده‌قی گوتاری نێچیرڤان بارزانی:
ده‌رچووان و ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست
ئێواره‌تان باش
به خۆشحاڵییه‌وه ئه‌م ئێواره پێكه‌وه له شه‌شه‌مین خولی دورچوونی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی – كوردستان له دهۆك به‌شدارین، به گه‌رمی پیرۆزبایی له ده‌رچووانی ئازیز ده‌كه‌م.
پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی له دایك و باوك و خانه‌واده و مامۆستایانی به‌ڕێز ده‌كه‌م، كه ئه‌وانیش به‌شێكی گرنگی سه‌ركه‌وتنی ئه‌مڕۆی ئێوه‌ن.
هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وامتان بۆ ده‌خوازم، پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی له‌هه‌موو ده‌رچووانی ئه‌مساڵی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی كوردستان و عێراق ده‌كه‌م، ده‌رچوون له زانكۆ بۆ هه‌ر قوتابییه‌ك، رۆژێكی پڕ له كامه‌رانییه، كه ساڵانێك چاوه‌ڕێ بووه، به‌ڵام بێگومان كۆتایی فێربوون و پێگه‌یشتن نییه، ته‌واوكردنی زانكۆ بڕینی قۆناغێكی گرنگی ژیان و بونیاتنانی كه‌سایه‌تییه و به‌ڵام سه‌ره‌تای رێگه‌یه و قۆناغێكی نوێیه ، كه پڕه له ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی، دڵنیام ئه‌م گه‌نجه ئازیزانه له‌و ئاسته دان ده‌توانن جیاوازی دروست بكه‌ن.
كاتێك ده‌ستبه‌كار ده‌كه‌ن، یان له خوێندنی باڵا به‌رده‌وام ده‌بن، ئه‌و زانسته‌ی وه‌رتان گرتووه، به ئه‌زموون و كردار فراوانتر و ده‌وڵمه‌ندتر ده‌بێت و روانگه و كه‌سایه‌تیتان به‌هێزتر ده‌كات تا بتوانن خزمتێكی باشتری وڵاته‌كه‌تان بكه‌ن.
به‌ڕێزان:
چاره‌نووس و داهاتووی وڵات، به‌نده به بوونی سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌یی و بیركردنه‌وه‌ی پێشكه‌وتوو، كوردستانێكی به‌هێز، نه‌وه‌یه‌كی زیره‌ك و شاره‌زا و لێهاتووی ده‌وێت، كه له هه‌موو بواره‌كاندا به زانست و زانین پڕچه‌ك كرابێت، بۆیه گرنگه و پێویسته قوتابیان به‌رده‌وام ئه‌وپه‌ڕی به‌خۆ په‌روه‌رده‌كردن و خۆ پێگه‌یاندنێكی باشتر بده‌ن، قوتابخانه و زانكۆ و هه‌میشه له‌گه‌ڵ تازه‌ترین پێشكه‌وتنه زانستییه‌كاندا خۆیان نوێ بكه‌نه‌وه.
ئه‌ركی زانكۆیه ده‌رچوان پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵگه بكات، كه له هه‌موو روێكه‌وه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی كار‌و بازاڕ و پێشخستن و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری ئێستا و داهاتووی وڵات بێت، تاكو بتوانن وڵات بیگه‌یننه كاروانی جیهانی پێشكه‌وتوو.
تا سه‌رمایه گوزاری له په‌ره‌وه‌رده و فێركردندا بكه‌ین هێشتا كه‌مه، سیسته‌می په‌روه‌رده و زانكۆكانمان ده‌بێت بایه‌خ و گرنگی تایبه‌ت به لایه‌نی زانسته مرۆییه‌كان و بونیاتكردنی مرۆڤ و به‌ره‌و پێشبردنی توانا و سه‌رچاوه مرۆییه‌كاندا بدات.
پرۆگرامی خوێندن و په‌روه‌رده ده‌بێت نه‌وه‌یه‌ك دروست بكات، بیركار و ده‌ستپێشخه‌ر و داهێنه‌ر بێت، بتوانێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بونیات بنێت، به‌هێز و یه‌كگرتوو بێت، كولتووری فره ره‌نگیمان بپارێزێ و وڵاتی خۆی خۆش بوێت و شانازی پێوه بكات، نیشتمانیانه بیر بكاته‌وه، نیشتمانییانه ره‌فتار بكات و نیشتمان له‌سه‌رووی هه‌موو شتێك بێت، بیری توندڕه‌وی و توندتیژی و ره‌گه‌ز په‌رستی ره‌ت بكاته‌وه، به‌هێز و بڕواوه به‌رامبه‌ری بوه‌ستێته‌وه.
بره‌و به دایه‌لۆگ و لێكتێگه‌یشتن و هاوكاری و هاوبه‌ش و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه بدات و به‌رگری له ژیان و رێز و شكۆی مرۆڤ بگرێت.
گۆڕانی ئاوهه‌وا و ده‌رفه‌ت و مه‌ترسییه‌كانی زیره‌كی ده‌ستكرد و دڵنیابوون له‌وه‌ی بۆ چاكه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌كار دێت و زیادبوونی رێژه‌ی دانیشتوان و پاراستنی و ئاسایشی ئاو و خۆراك، چه‌ندانی دیكه، هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووی جیهان.
ده‌بێت ئێمه‌ش به ته‌واوه‌تی له كوردستان و عێراق خۆمانی بۆ ئاماده بكه‌ین.
ده‌رچوانی زانكۆ پێوسته توانا و به‌شدارییه‌كی ته‌واویان هه‌بێت و یارمه‌تیده‌ر بن، له دۆزینه‌وه و چاره‌سه‌ر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یران و مه‌ترسییانه، مرۆڤایه‌تی ته‌نیا به زانست و به هاوكاری و پلان و ستراتیژی هاوبه‌ش ده‌توانی به‌ره‌نگارییان ببێته‌وه.
به‌ڕێزان:
من بڕوای ته‌واوم به زیره‌كی و توانایی گه‌نجان هه‌یه، هه‌روه‌ها به خه‌مخۆی و دڵسۆزی مامۆستایان هه‌یه، بۆیه به گه‌شبینی و به ئومێده‌وه كه سبه‌ی له ئه‌مڕۆ به ته‌ئكید باشتر ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ كه ده‌بینم ئه‌م گه‌نجانه زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن، داهاتووی كوردستان گه‌شتر و رووناكتر دێته به‌رچاوم، ئه‌وه‌ی زیاتریش له‌م مه‌راسیمه ئێمه دڵخۆش ده‌كات، وا ده‌كات، هه‌موومان به ئومێدێكی زیاتر له داهاتوو بڕوانین، ئه‌ویش نموونه‌ی یه‌كێك له‌و ده‌رچوانه‌یه، كه ئه‌مڕۆ بڕوانامه له‌و زانكۆ پێشكه‌وتووه وه‌رده‌گرێت، ئه‌ویش كچێكی ئێزدییه و رزگاربووی ژێر ده‌ستی داعشه، وێڕای هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كان، مكوڕ بووه، كه هه‌ر ده‌بێت زانكۆ ته‌واو بكات، بوێری خۆڕاگری و به‌رده‌وامی ئه‌و تا ته‌واوكردنی زانكۆ، چیرۆكی سه‌ركه‌وتنه، ئیلهام به‌خشه و چرایه‌كی هیوایه، بۆ هه‌موو قوتابیه‌كانی دیكه‌ی ده‌ستی داعش له هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه، لێره‌وه به‌ناوی خۆم و هه‌مووتانه‌وه پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌م.
به‌ڕێزان:
وه‌ك ئاگادارن، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق لێكتێگه‌یشتن هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كردنی كێشه‌كان، ئه‌مه‌ش خۆشبه‌ختانه سه‌قامگیری سیاسیی دروست ده‌كات، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان به په‌رۆشه‌وه له‌سه‌ركه‌وتنی هه‌واڵه‌كان بۆ رێككه‌وتن و چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كان ده‌ڕوانین، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به ژیان و گوزه‌رانی مووچه‌خۆران و خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، سوپاسی رۆڵی سه‌رۆكوه‌زیرانی فیدراڵی عێراق به‌ڕێز سوودانی و سه‌ركرده و لایه‌نه عێراقییه‌كان ده‌كه‌ین، كه له‌م لایه‌نه‌وه هاوكارن.
هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م، بۆ لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌موو هاوكاریی و پشتگرییه‌ك بۆ هه‌وڵه‌كانیان له‌لایه‌ن ئێمه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئێمه چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، له‌گه‌ڵ به‌غدا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه، خۆشحاڵم به به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، هیوای به‌رده‌وامی و چاره‌سه‌كردنی یه‌كجاره‌كی هه‌موو كێشه‌كان ده‌خوازم، هه‌ر ئه‌وه‌ش خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی عێراق و به هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌كات، ئێمه پێكه‌وه ده‌توانین وڵاتێكی سه‌قامگیر و به‌هێز بونیات بنێین، كه پێگه‌ی شایسته‌ی خۆی له ناوچه‌كه و له جیهاندا هه‌بێت. بتوانێت ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كه‌ی بۆ پێخشتن و گه‌شه‌سه‌ندن و خزمه‌تی باشتر بقۆزێته‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مای رێز و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی درواسێی و ناوچه‌كه به‌ره‌و پێشتر ده‌چن، هاوبه‌شییه‌كانمان له ناكۆكییه‌كان زیاترن. هه‌رێمی كوردستان به فاكته‌ری ئاشتی و ئارامی له ناوچه‌كه ده‌مێنێته‌وه.
دووباره پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی له ده‌رچوانی ئازیز ده‌كه‌م، پێیان ده‌ڵێم، داهاتووی وڵات له‌سه‌ر شانی ئێوه‌یه، ئێوه سبه‌ی ئه‌م وڵاته به‌ڕێوه ده‌به‌ن، كار ده‌كه‌ن هه‌موو شتێك بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو باشتر بكه‌ن، ئومێدمان به ئێوه‌یه و سه‌ركه‌وتن و پیرۆزبایی و پشتگیری له دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی متمانه به‌خش و پرۆگرام و دامه‌زراوه‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م.
هه‌روه‌ها پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له به‌رنامه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌م، بۆ پێشخستنی سیستمی په‌روه‌رده و فێركردن و خوێندنی باڵا له هه‌رێمی كوردستان.
هیوای كاتێكی خۆش بۆتان ده‌خوازم
هه‌موو لایه‌ك به‌خێر بێن
زۆر سوپاس


































































