ئەمڕۆ یەکشەممە، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، بەڵگەنامەکانی کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشکەش کرد.
ئاژانسی میهری ئێران بڵاوی کردەوە، 17 کاندید داوایان پێشکەشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە، بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەڕێوە بچێت.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کاندیدەکانی ئێستا زیاتر سەر بە ڕەوتی پارێزگارانن، لە کاتێکدا هێزە چاکسازیخوازەکان هێشتا بەدوای کەسایەتی بەهێزدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بچنە ناو ململانێی هەڵبژاردنەکانەوە.
ماوەى یاسایی بۆ خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران سبەی تەواو دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت لیستی کاندیدەکانیش فراوانتر بێت.
لە لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی شوورا و سەعید جەلیلی سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، دوو ناوی دیارن لە ڕەوتی پارێزگاران.
لە کاتێکدا ڕۆیتەرز باسی کاندیدبوونی وەحید حەقانیانی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووە کە لە ئێستادا لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادایە.
نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی ئێران 12 مەرجی سەرەکیی وەک بەربەستی یاسایی بۆ ئەو کەسانە دیاری کردووە کە دەیانەوێت ببنە کاندیدی خولی داهاتووی سەرۆکایەتیی کۆمار، بە تێپەڕاندنی هەر 12 مەرجەکە ناویان تۆمار دەکرێت و دەچنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن. پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان لە 30ی ئایاری مانگی ڕابردوو دەستی پێ کرد و تاوەکوو 3ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران “ئیرنا”، لەو کەسایەتیانەی تاوەکوو ئێستا بە کاندید تۆمار کراون، هەر یەک لە عەلی لاریجانی، مەحموود ئەحمەدی بێغەش، محەمەد خۆشچێهرە، عەبدولناسر هیممەتی، سەعید جەلیلی، قودرەتعەلی حیشمەتیان، عەباس موقتەدایی، موستافە کەواکبیان، محەممەد ڕەزا سەباغیان لە نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی ئێران بە تێپەڕاندنی مەرجە یاساییەکان ناوەکانیان تۆمار کراوە.