تایبەت بە زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” دوو كەس لەسەر راوكردن دەستگیر كراون و ئیجرائاتی پێویستیان لێ وەردەگیرێت .
عەقید ئەمیر خۆشەوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، گووتی:” لە سنووری قەزای رواندز سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوو هاووڵاتی راوی كەویان ئەنجام دابوو، لەلایەن تیمەكانمان دەستگیر كران و رووبەڕووی دادگا كرانەوە، رۆژانە تیمەكانمان بە مەبەستی رێگری كردن لە ڕاوی نایاسایی دەردەچن و لە هەر شوێنێك بوونی هەبێت بكەرەكان رووبەڕووی یاسا دەكەینەوە .
دووپاتی كردەوە، لە ئێستادا راو كردنی ماسی تاكو 16ی ئەم مانگە قەدەغەیە، بۆیە هەر كەسێك راو بەهەر پێداویستیەك بكات سزا دەدەین .
ئەو بەرپرسە ناشی شارێتەوە، ئەمساڵ بە بەراود بە ساڵانی رابردوو، راوكردنی نایاسایی رووی لەكەم بوونەوە كردووە، دەڵێت:” ئەمە بۆ چاوساغی تیمەكانمان دەگەڕێتەوە و بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ڕێگری کردن لە ڕاوی ماسی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، هەروەها ڕێگە نادەین راوی ماسی بکرێت و داری تەڕ ببڕدرێت.