شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، دەڵێت” هەموو كاتەكان باشن بۆ وەرزشكردن بەڵام باشترە دوو كاتژمێر دوای ژەمەكان بێت. د. كامەران رەسوڵَ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند”بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیانی ئەم سەردەمە و كەمبوونەوەی جوڵە و دانیشتن بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ رۆژانە لە شوێنی كار و ماڵەوە وەرزشكردن یەكێكە لە هەنگاوە سەرەكی و گرنگ بۆ پاراستنی تەندروستی و چارەسەری هەموو نەخۆشییەكان، هەموو كاتێكیش باش و گونجاوە بۆ وەرزش، بەڵام پێویستە لانی كەم دوو كاتژمێر دوای ژەمە سەرەكییەكان بێت، هەروەها شەوان دوو كاتژمێر پێش نووستن دووربكەونەوە لە راهێنانە قورسەكانی وەك یاری ئاسن، مەلەكردن و …هتد، بۆ ماوەیەكی زۆر، ئەگەر بمانەوێت باس لە كاتەكانیشی بكەین ئەوا دەگەڕێتەوە سەر كاتی گونجاو و جۆری وەرزشكردنی كەسەكان.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، ئاشكراشیكرد” بۆ كاتە گونجاوەكانی وەرزشكردن و سوود وەرگرتن لێی بۆ نەخۆشییەكان و كێش دابەزین و…هتد، ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینەڕوو. – بەیانیان كاتێكی زۆر باشە، بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی و رێگری كردن لە زۆری كێش، قەڵەوی، رزگاربوون لە بێ هێزی و خەواڵویی و تەمبەڵی، هەروەها وا باشترە پێش ژەمی بەیانی رۆیشتن بە پێ، پیاسەكردن و راكردن ئەنجام بدرێت، ئەوانەی كاتیان نییە ئەتوانن دوای نیوەڕۆ ئەنجامی بدەن. – بۆ دابەزاندنی كێش و چارەسەری قەڵەوی باشترە رۆژانە دووجار ئەنجام بدرێت ئەگەر بواری هەبێت بەیانیان و ئێواران. – بۆ لەشجوانی، بەهێز كردن و بنیاتنانی ماسوولكەكان، پێویستە دوا نیوەڕۆ یان ئێواران و سەرەتایی شەو بێت، بەڵام بە لانی كەم شەوان دوو كاتژمێر پێش نووستن راهێنانەكان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی خەو زڕان و شەونخوونی و بە زەحمەت خەبەربوونەوە. – یاریزانی پیشەگەر پێویستە رۆژانە دووجار وەرزش بكات.
د. كامەران رەسوڵ، ئاماژە بەوەشكرد” زۆربەی خەڵك ئەو پرسیارەیان هەیە، ئایا راهێنانەكان لەنێو هۆلی وەرزشی باشترە یاخود لە ماڵ و دەرەوە؟ وا باشترە لەنێو هۆڵی وەرزشی بێت چونكە ئەم سوودانەی هەیە: – هاندانە بۆ كەسەكە، چونكە خەڵكی دیكەش لەوێیە كە كێش و تەمەنیان جیاوازە باشترە چەند هاوڕێیەك بەیەكەوە بڕۆن. – پابەند بوون و بەردەوامی لە سەر وەرزش لە ناو جیم و هۆڵ زیاترە بەتایبەت لەنێو تاكی كوردا. – بوونی راهێنەری شارەزا و ئامێری هەمەجۆر. هەروەها وەرزشی ناو پارك و شوێنی كراوەش ئەم سوودانەی هەیە : – بوونی هەوای پاك و رێژیەكی زۆر لە ئۆكسجین تایبەت بەیانیان. – چوونە بەر خۆر كە سەرچاوەی سەرەكی ڤیتامین Dیە. – دووركەوتنەوە لە رۆتین و شوێنی قەرەباڵغ، هەروەها كەمكردنەوەی دڵتەنگی و خەمۆكی بەهۆی دیمەنی جوانی باخچە و سروشت.