د. داهات حەوێزی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و شەكرە و دڵ
وەرزشكردن یارمەتیت دەرە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی كێشی لەشت بكەیت و خۆت بەدوور بگری لە قەڵەوی، چونكە لەكاتی وەرزشكردن وزەیەكی زیاتر سەرف دەبێت و چەوری زیادەی لەش دەتوێتەوە.
وەرزشكردن شەڕ لەگەڵ نەخۆشییە درێژخایەنەكان دەكات، ئەو كەسانەی زەختیان هەیە زۆر گرنگە وەرزش بكەن، چونكە دڵ بەهێز دەكات، فشاری خوێن دادەبەزێنێ، بۆ نەخۆشی شەكرە بەپێ ڕۆیشتن و ڕاكردن زۆر بەسوودە، لەبەر ئەوەی كالۆری زیاتر دەسوتێنێ و كاری ئەنسولین باشتر دەكات و شەكری خوێن كۆنترۆڵ دەكات، بۆ نەخۆشی بەرزی چەوری وەرزشكردن باشترین چارەسەرە، چونكە چەوری زیادە لەناو دەبات و قەڵەوی كەم دەكاتەوە، بۆ ئینزیلاقی پشت و سەوەفانی ئەژنۆ مەلەكردن كاریگەرترین چارەسەرە، بۆ نەخۆشی شەقیقە یەكێك لە چارەسەرە كاریگەرەكان وەرزشكردنێكی بەردەوامە.
وەرزشكردنی بەكۆمەڵ میزاج و مێشك ساف دەكات، چونكە ئەم وەرزشانە هۆرمۆنەكانی دڵخۆشی وەكو سیرۆتۆنین و ئیندۆرفین زیاد دەكەن لە خوێندا، بەتێكەڵاو بوون لەخەڵكی كەسەكە دووردەكەوێتەوە لە هەستی تەنیایی و خەمۆكی و دڵەڕاوكێ.
بە وەرزشكردن وزە و توانا و چالاكی جەستەییت زیاتر دەبێت، ئەگەر بەیانیەك زوو لە خەو هەستی و بچی بۆ شاخەوانی لەو رۆژە بەگشتی تاقەت و میزاجێكی زۆر باشترت دەبێت بۆ هەڵسوراندنی ئیشی ڕۆژانە.
-ئەگەر كێشەی بێ خەوی و خەوزڕاندنت هەیە، بە وەرزشكردنێكی ڕێكوپێك خەوێكی قووڵ و خۆشت لێ دەكەوێ.
-وەرزشكردن ژیانی سێكسیت باشتر دەكات و لاوازی سێكسی ناهێڵێ، توانا و وزەت زیاتر دەكات لەپێناو ژیانێكی تەندروست.
-یارمەتیدەرێكی باشە بۆ ئەوەی واز لە جگەرەكێشان و مەی خواردنەوە بێنی و دووربكەویتەوە لەو خوە خراپانە و گەنجێتیت بۆ دەگەڕێتەوە.
وەرزشكردنێكی ڕێكوپێك پێویستە ٤ ڕۆژ لە هەفتەیەك كەمتر نەبێ و هەموو ڕۆژێك سەعاتێك وەرزشێكی ناوەند و سەخت بێت، بەشێوازێك كە وەرزشكارەكە هیلاك بێت و لێدانی دڵی خێرابێت، بۆ ئەوەی چەوری زیادە بتوێنێتەوە و سوود لە وەرزشەكە ببینێت، وەكو دووگۆڵی، بەشداری كردن لە جیم، ڕاكردن، پایسكل سواری، مەلەوانی، وەرزشی ئاسن و شاخەوانی.