د. ئازا – زاری کرمانجی سۆران:
ئەمڕۆ شەممە یاریگای وێمبڵی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە کاتژمێر 10ی شەو میوانداری یاری کۆتایی پاڵەوانەکانی ئەوڕوپا ناسراو بە چامپیۆنزلیگی 2023-2024 لە نێوان ڕیال مەدرید و بروسیا دۆرتمۆند دەکات، دوای ئەوەی هەردوو یانە ڕێگایەکی سەختیان بڕی تا گەیشتین بەم قۆناغە.
هەروەک بینیمان ڕیال مەدرید لە ڕێگەی گەیشتن بە یاری کۆتاییدا چەندین بەربەستی زەحمەتی تێپەڕاند، دوا بەربەستیان بەرامبەر بایرن میونشن بوو، کە بە کۆی گشتی هەردوو یاری چوون و هاتن سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ.
لە کاتێکدا بروسیا دۆرتمۆند لەم وەرزە بە ئەسپی ڕەشی پاڵەوانێتییەکە ناسراوە و لە قۆناغی پێش کۆتاییدا بەسەر پاریس سان جێرماندا سەرکەوت و بە کۆی گشتی یاری چوون و هاتندا بە ئەنجامی 2-0 لە پاریس سان جێرمانی بردەوە.
جێگای ئاماژەیە ڕیال مەدرید هیچ یانەیەک نیە شان لە شانی بدات لەم پاڵەوانیەتیە چونکە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی چامپیۆنزلیگە کە 14 جارە.
هەروەها ڕیال مەدرید لە ساڵی 2000ەوە شەش جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، لەم ماوەیە مێرێنگێز دووجار ڕووبەڕووی ڕکابەری ئەتلەتیکۆ مەدرید بۆتەوە لە یاری کۆتایی.
کەچی لەبەرامبەردا لە مێژووی یانەی دۆرتمۆندی ئەڵمانی (یەک جار ) جامی پاڵەوانەکانی ئەوڕوپای بەرزکردۆتەوە لە ساڵی 1997 بوو، یاری کۆتایی بەرامبەر بە یۆڤێنتۆس ئەنجامدا و بە ئەنجامی 3-1 یارییەکەی لە یانە ئیتاڵییەکە بردەوە.
ڕاهێنەرەکانی هەردوو یانە سەبارەت بەم یارییە بەهێزە چی دەڵێن:
،کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید باسی لە یاریەکە کردوو ترسی لە بەهێزی یانە ئەڵمانیەکە هەیە.
ئەنچیلۆتی دەڵێت: ناتوانم بڵێم تەنها یانەکەم پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی یارییەکە، چونکە ئێمە بەرامبەر تیپێک یاری دەکەین کە ئەوانیش شایستەی ئەوەن سەرکەوتووبن، بێگومان یاریزانەکانی دۆرتمۆند کوالیتی یاریکردنی بەهێزیان هەیە و ئاستێکی باشیان نیشانداوە لە یارییەکانی ڕابردوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونێکی زۆرم لەسەر تیپەکەم هەیە ئێستا یاریزانەکانم لە دۆخێکی باشدان و متمانەیەکی زۆرم بە هەموویان هەیە”.
بەڵام ڕاهێنەری یانەی بروسیا دۆرتمۆند، پێش ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، هۆشداری داییە یانە ئیسپانییەکە:
ئیدین تێرزیچ، ڕاهێنەری یانەی بروسیا دۆرتمۆند، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئێمە هەموو سەرنجەکانمان لەسەر یاری کۆتایی چڕ کردووەتەوە، بەتایبەت کە یاریمان بەرامبەر بە ڕیاڵ مەدریدە لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “ئێمە جگە لە سەرکەوتن بەهیچ شتێکی تر ڕازی نابین، ئێستا دەمانەوێت جامەکە بۆ دۆرتمۆند بەدەستبهێنین.
شیکردنەوە و پێشبینییەکان بە شێوەیەکی زانستی سەبارەت بە یاری ئەمشەو دەخەینەڕوو:
1-ڕیاڵ مەدرید:
ئەزموونێکی گەورەی هەیە لە یارییەکانی کۆتاییدا، پێشتر 14جار پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە، ئەم ئەزموونە یارمەتیدەدات لە مامەڵەکردن لەگەڵ فشارەکانی یاری تیپی بەرامبەر.
-ئاستی بەرگری:
بە سەرکردایەتی تیبۆ کۆرتوا لە گۆڵ و ڕۆدریگێر ومێندی و ئیدەر میلیتاو لە هێڵی بەرگری، ئەستەمە دۆرتمۆند بتوانێت بچێتە ناو هێڵی بەرگری ڕیال مەدرید بە ئاسانی.
- ئاستی هێرشبەری:
بە ئامادەبوونی و ڤینیسیۆس جونیۆر و ڕۆدریگۆ وبێلینگهام و ڤاڵڤێردی، یانەی ڕیال مەدرید خاوەنی هێزێکی هێرشبەری ترسناکە کە توانای هەڕەشەکردنی لە بۆسەر گۆڵی دۆرتمۆند هەیە لە هەر ساتێکدا بێت.
2- بروسیا دۆرتمۆند:
- حەماسەت و هێزی یاریزانە لاوەکانی: دۆرتمۆند پشت بە کۆمەڵێک یاریزانی لاوی بەتوانا دەبەستێت وەک سانچۆ و ئەدیمی و سکۆلتەربێک لە هێڵی بەرگری ڕەنگە هێز و حەماسەتی ئەو لاوانە چەکێکی بەهێز بێت لەم یارییەدا.
-هێرشی پێچەوانەی خێرا:
دۆرتمۆند توانای دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانەی خێرا و مەترسیداری هەیە بەهۆی خێرایی یاریزانەکانی وەک مارکۆ ڕیوس و جولیان براندت و سابیتزێر و دۆنێل مالێن، بۆیە لەم یارییە زیاتر بەم شێوازە یاری دەکات.
-تاکتیکی بەرگری:
بێگومان دۆرتمۆند بە شێوازی بەرگری چڕ یاری دەکات، و گشت یاریزانەکانی لە حاڵەتی بەرگری (مهام و ئەرکی) خۆی دەبێت و بە باشی خۆی ڕێکدەخات و پێشبینی دەکرێت دۆرتمۆند زیاتر لە دۆخی بەرگریدابێت لە یاری تا ئەوکاتەی ئەنجامی یاری گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هێرشە بەردەوامەکانی ڕیال مەدرید ببێتەوە، هەروەها دۆرتمۆند دەیەوێت لە یاری کەشێکی وا دروست بکات یاریزانەکانی ڕیاڵ نەتوانن بێنە ژوورەوەی ناوچەی سزای، بەڵکو یاریزانەکانی ڕیاڵ لە دووری گۆڵی دۆرتمۆند شوت بکەن لەم کاتانەش دۆرتمۆند پشت بە بەهێزی گۆڵپارێزی دێرینی سویسری گریگۆر کۆپڵ دەبەستێت.
چاوەڕوانیەکان سەبارەت بەم یارییە:
-یاریی هاوسەنگ:
پێشبینی دەکرێت یارییەکە هاوسەنگ و توند و بەرگری بەهێز بێت بۆ هەردوو یانە، بەو پێیەی هەر تیپێک هەوڵدەدات شێوازی یاریکردن و باڵا دەستی خۆی بەسەر ئەوی دیکەدا بسەپێنێت.
-گۆلی چاوەڕوانکراو:
هەرچەند شیکەرەوە وەرزشییەکان بەشێکیان پێیان وایە یارییەکە بڕواتە کاتی زیادکراو دوای یەکسان بوونی هەردوو تیپ بەڵام ئەمانە ژمارەیان کەمە، بەڵکو زۆربەی شیکەرەوەکان پێیان وایە پێش ئەوەی کاتی یاسایی یاری تەواوبێت گۆڵ لە یارییەکە دەبینین ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانی هێرشبەری هەردوو تیپەکە کە یاریزانی زۆر بەهێز و خاوەن ئەزموونی زۆرن لەگۆڵکردن و یاریزانی ناوەڕاستکاری بەتوانا لە دواوەی هێرشبەرەکان سەپۆرتیان دەکات بە ئەسیست و پاسە جوانەکانیان.
کام تیپ یارییەکە دەباتەوە ؟
پێشبینیکردنی ئەنجامی یاری کۆتایی بەهۆی ئاستی نزیکی هەردووتیپ ئەستەمە، هەرچەند بە گوێرەی ئامارە جیهانییەکان زیاترین پێشبینی بە ئاراستەی بردنەوەی یانەی ڕیاڵ مەدرید دا دەڕوات بەڵام بردنەوەی دۆرتمۆند مەحاڵ نیە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بینەری یارییەک بین کە بە جیاوازی یەک گۆڵ یان دوو گۆڵ کۆتایی بێت لە بەرژەوەندی ئەو تیپە کە بتوانێت بە باشترین شێوە دەرفەتەکانی بقۆزێتەوە و لە کاتە گرنگەکاندا بەرگری باش بکات و هێرشەکانی بە چاکی و زانستی بنیادبنێت، و بە کۆی گشتی یاریزانەکانی کەمترین هەڵە بکەن و زۆرترین دەرفەت لە بەرژەوەندی تیپەکەیان بقۆزنەوە.
مێژووی بەشێک یانەکان لە پاڵەوانیەتی چامپیۆنزلیگدا:
-یانە زەبەلاحەکەی ئیتاڵی “میلان” لە پلەی دووەمدایە بۆ 7 جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.
-دووانەی “لیڤەرپوڵ و بایرن میونشن” لە پشتی یانەی ڕۆسۆنێریەوەن وەک سێیەم یانە سەرکەوتووەکانی پاڵەوانێتییەکە بە تێکڕای هەر یانەیەک ٦ نازناوی بەدەستهێناوە.
-یانە کەتەلۆنیەکەی ئیسپانیا، بارسێلۆنا خاوەنی 5 نازناوی چامپیۆنزلیگە،
-ئەیاکسی هۆڵەندی بە درێژایی مێژووی خۆی توانی لە 4 بۆنەدا هەمان نازناو بەدەستبهێنێت،
- مانچستەریونایتد، شەیتانە سورەکان 3 جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە
-دوای ئەوە یانەی چێڵسی کە 2 نازناوی بەدەستهێناوە.