محەممەد مەحموود- سۆران :
هەفتەی رابردوو شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەشە پێدانی پەیوەندییە زانستییەکان چوونەتە ئەمریکا، سەرۆکی زانکۆی سۆرانیش لە گەڵ ئەو شاندە بەشدارە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانج و پووختەی چاڵاکییەکانی بەشداری ئەو شاندەی راگەیاندو دەڵێت ” بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستییەکان، شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لە ئەمریکا چەندین دیدارو کۆبونەوەی بەرهەمدار ئەنجام دەدات
بەمەبەستی فراوانکردنی پەیوەندییە زانستییەکان لەنێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم کە پێکهاتوە لە راوێژکارانی وەزارەت و ژمارەیەک سەرۆک زانکۆ و بەڕێوەبەرانی گشتی، بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمەریکان و بەشداربون لە کۆنفراسی (NAFSA). کە تیایدا چەندین دیدار و کۆبونەوەی گرنگ و بەرهەمداریان لەماوەی دوو رۆژدا ئەنجامداوە کە کۆبونەوەکان درەئەنجامی ئەرێنی هەبوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی دامەزراوە ئەکادیمییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا.
لە دیدارێکدا شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەگەڵ خاتوو (Dr. Fanta AW ) سەرۆکی دامەزراوەی (NAFSA) کۆبونەوە، کۆبونەوەکە لەسەر داوای سەرۆکی دامەزراوەکە بوو، بۆ ئەمەش دوپاتیکردەوە ناسا بە گرنگییەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت بەو پێیەی شاندێکی گەورە لە کۆنفرانسەکە بەشدارەو پشتیوانی تەواویشی بۆ سێکتەری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کوردستان دوپاتکردەوە”.
لەلایەن خۆشیانەوە شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ دەزگای نافسا رونکردەوە بەوەی کە هەرێم دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییەکانی ئەمریکا فراوان بکات، وەک کاری لە پێشینەیش (شاندەکە چاوی لەوەیە دەرفەتی خوێندن و ئاڵوگۆڕی ستافی ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕی توێژینەوەی زانستی و پرۆگرامەکانی تر) بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت”.
هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە دەرفەتی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و مامۆستایان کرا بۆ ئەوەی پرۆژەی هاوبەش لە نێوان هەردولا هەبێت بەتایبەت بۆ ئەو پڕۆژانەی تایبەتن بە خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی و راهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان، هەروەها کار بکرێت لەسەر پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی دەرفەتی کارکردنی هاوبەش لە نێوان زانکۆکانی ئەمریکاو هەرێم. هەر لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆی ورد ئەنجامدرا لە پێناو دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکانی کوردستان و ئەمەریکا”.
گفتوگۆکردن سەبارەت بە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی دکتۆرا کە دەیانەوێت بەشێکی خوێندنەکەیان لە زانکۆکانی دەرەوەی هەرێم ئەنجام بدەن، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکان نێوان هەردوولا بوون”.
لە کۆبونەوەیەکی دیکەدا شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ نوێنەری زانکۆی (Vanderbilt University) کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی دەستەبەرکردنی زەمالەی خوێندن و ئاڵوگۆڕی پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان زانکۆکانی ئەمریکا و کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بە تایبەت پڕۆژەکانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوەیەکگرتوەکان کە چۆن بتوانرێت کۆنسێپتی ئامانجەکانی پڕۆژەی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوەیەکگرتوەکان لەناو ستراتیجیی پڕۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆکانی هەرێم ڕەنگدانەوەی هەبێت”.
لە بەشێکی تری دیدارەکاندا شاندی خوێندنی باڵای کوردستان لەگەڵ تیمی زانکۆی (Arizona State University) کۆبۆوە، بۆ ئەمەش زانکۆکە پشتیوانی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەکی هەرێمی کوردستان دەربڕی لەبواری خوێندنی باڵادا”.
لە میانی کۆبونەوەیەکی دیکەدا شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم لەگەڵ د. حیدر جواد الکدس، راوێژکاریی رۆشنبیری لە باڵوێزخانەی عێراق لە ئەمەریکا کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا د. حیدر جواد الکدس ئامادەیی هەموو هاوکاریی و پشتیوانییەکانی بۆ شاندی هەرێم و عێراق نیشاندا.
وابڕیارە ئەمڕۆ شەممە ئەو شاندە کۆتایی بەسەردانەکەیان بێنن بۆ وڵاتی ئەمریکاو بگەڕێنەوە کوردستان.