شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، ئاماژە بە چەند نیشانەیەكی ریخۆڵە كوێرە دەدات، هۆكاری دروستبوونیی ئەم حاڵەتەش دەخاتەڕوو.
د.هێمن حسێن كاكە عەلی، پسپۆڕی وردی نەشتەرگەری هەرس، جگەر، پەنكریاس و نەشتەرگەری قەڵەوی، بە زاری كرمانجی راگەیاند” هەوكردنی ریخۆڵە كوێرە، لە ئەنجامی گیرانی ناوپۆشەكەیەوە دروست دەبێت، لەم بابەتە تەندروستییەدا ئاماژە بە نیشانەكانی دەكەین كە بریتین لەمانەی خوارەوە.
- ئازاری ناوەڕاستی سك یان سەر گەدە، هەندێكجار نەخۆش وا تێدەگات ئازاری گەدەی هەیە، هەندێكجاریش ئازارەكە لە هەموو سكدا دەبێت.
- دوای نزیكەی 4-6 كاتژمێر ئازارەكە لە شوێنی پێشووتر نامێنێ و دەچێتە بەشی خوارەوەی لای راستی سك، لە هەندێك كاتیشدا ئازارەكە دەچێتە ناوچەی كەلەكە، لەم حاڵەتەدا نەخۆش وا دەزانێ ئازاری گورچیلەی هەیە.
- ئەگەر ریخۆڵە كوێرەكە شۆڕبێتەوە بۆ ناوچەی حەوز و بەر ریخۆڵە باریكە بكەوێت، تووشی سكچوون دەبێت، نەخۆش وا هەست دەكات بە خواردنی پیس وای لێهاتووە، ئەگەر بەر میزڵدان بكەوێت تووشی زوو میزكردن و میزەچوركێ دەبێ و وادەزانێ تووشی هەوكردنی میزڵدان بووە.
- لە دوای ئازارەكە نەخۆش تووشی هێڵنج و رشانەوە، تا، كەمبوونی ئارەزووی خواردن، ئازار لە كاتی كۆخە و رۆیشتندا دروست دەبێت.
د. هێمن حسێن، گووتیشی” چارەسەركردنی ریخۆڵە كوێرە نەشتەرگەری تەقلیدی كۆنە كە ئەویش كردنەوەی سكە لە رێگەی كونێكی 10-15 سم یان.
(laparoscope)لە رێگەی 3 كونی بچووك بە ناو سك بین ئەنجام بدرێت، چونكە ئەگەر نەشتەرگەری ریخۆڵە كوێرە ئەنجام نەدرێت ئەوا ئەگەری تەقینی زۆرە بەتایبەت لە منداڵ و بەتەمەنەكاندا.