زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کۆبوونەوەکان ئەرێنین و چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین و هیوادارین لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەپاش کۆبوونەوەی لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق پەیوەندییەکی باشمان هەیە و ئەوانیش پشتیوانیی خۆیان بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەربڕیوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و هەموومان چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین، هیوادارین لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بن.
ڕۆژی پێنجشەممە (30ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور”.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا جەختی لەوە کردووە: “دەبێت سەقامگیریی و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت”.