زاری كرمانجی-سۆران:
دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادە ڕاگەیاند، سەردانەكەی سەرۆكوەزیران بۆ بەغدا گرنگە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو سەرجەم كێشەكان چارە دەكرێن.
خەمیس خەنجەر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆمان لە سەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، پرسی مووچە، ڕێگەی گەشەپێدان كە بە هەرێمی كوردستانیشدا تێدەپەڕێت، كرد. بابەتێكی دیكەی گرنگ كە قسەمان لەسەری كرد، هەناردەكردنەوەی نەوتە لە ڕێگەی توركیا و بەندەری جەیهان.
سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا سەردانێكی گرنگە بۆ چارەكردنی پرس و گرفتەكان، لە هەمانكاتدا سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەویش بۆ نەهێشتنی بەربەستەكان و فەراهەمكردنی كەشێكی لەبار بۆ لێكگەیشتنی زیاتر گرنگ بوو. ئەوەی هەیە ئێستە زۆربەی گرفتەكان چارەكراون و لە چەند ڕۆژی داهاتوو گرفتەكانی دیكەش چارە دەكرێن.
هەروەها ئاماژەیدا، پەیوەندییەكانی هاوپەیمانی سیادە هەم لە گۆڕەپانی سیاسیی هەم لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و كوتلەی پارتی لە پەرلەمان بەهێزە و شانازیشی پێوە دەكەن.
لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، خەمیس خەنجەر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەبێ پارتی هیچ مانایەكی نابێت، بۆیە بەبێ پارتی هیچ هەڵبژاردنێك ناكرێت.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و ناكۆكی نێوان هێزە سوننەكان، خەمیس خەنجەر گوتی: بەهۆی گەشتی ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج پرسی یەكلایی كردنەوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و هەڵبژاردنی بۆ دوای جەژنی قوربان دواخراوە.