زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە گرنگیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حکوومەتی ههرێمی كوردستان، لە بەغدا، لهگهڵ محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی فیدراڵ كۆبووهوه.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهكهدا بارودۆخی عێراق به گشتی و گرنگیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هەرودوولا هاوڕابوون له سەر پێویستیی بهردهوامبوونی گفتوگۆی بنیاتنهرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە لە بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراقدا بێت”.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حکوومەتی ههرێمی كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەی ماون، شتێکی زۆر ئاساییە ئێمە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو برادەرانەی بەرپرسن، دیدار و گفتوگۆ بکەین. یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەعرەجی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی عێراق و حزبە سیاسییەکان “دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک ئەو گرفتانەی کە تاوەکو ئێستا (لەنێوان هەولێر و بەغدا) ماون”. وەکو خۆی گوتی، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی، بە مەبەستی “پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەیە کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکە (رێڕەو)ـی خۆیان”.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و ڕۆژی چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.
لە وەڵامی پرسیاری “کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بە کوێ گەیشت” سەرۆکوەزیران بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: “لەسەر ئەمەش باس دەکەین و بە پشتیوانی خوا چارە دەبێت”.