زاری كرمانجی-سۆران:
سهرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور لە بەغدایە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیش دەڵێت، سەردانەکەی مەسرور بارزانی “دەرفەتێکی زێڕینە”.
سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حکوومەتی ههرێمی كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا.
لە سەرەتای سەردانەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی کرد و دواتر هەردووکیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.
سەرۆکوەزیران: کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر دەکەین
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی، “بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ماون، شتێکی زۆر ئاساییە ئێمە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو برادەرانەی بەرپرسن، دیدار و گفتوگۆ بکەین. یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەعرەجی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی عێراق و حزبە سیاسییەکان “دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک ئەو گرفتانەی کە تاوەکو ئێستا (لەنێوان هەولێر و بەغدا) ماون”. وەکو خۆی گوتی، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی، بە مەبەستی “پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەیە کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکە (رێڕەو)ـی خۆی”.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و ڕۆژی چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.
لە وەڵامی پرسیاری “کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بە کوێ گەیشت” سەرۆکوەزیران بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: “لەسەر ئەمەش باس دەکەین و ئینشائەڵڵا چارەسەر دەبێت”.