زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هادی عامری جەخت لە چارەکردنی کێشەکان، بەتایبەتی دابینکردنی شایسته دارایییهكان و مووچهی مووچهخۆرانی ههرێمی كوردستان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حکوومەتی ههرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا؛ لهگهڵ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی ( نبنی- بنیاتنان) کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی هەماهەنگیی و هاریکاریی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو چارەکردنی کێشەکان، بەتایبەتی دابینکردنی شایسته دارایییهكان و مووچهی مووچهخۆرانی ههرێمی كوردستان و ژیان و گوزهرانی هاووڵاتییان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی لەگەڵ عامری کۆببێتەوە، لە بەغدا، لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق کۆبووەوە.
هاوکات هادی عامری دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تەنیا باسمان لە کێشەکان نەکردووە، بەڵکوو چەندین خاڵی ئەرێنیش هەن کە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا”.
عامری گوتیشی، “سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووە بۆ ئەوەی خاڵە ئەرێنییەکان پتەوتر بکرێن و کێشەکانیش چارە بکرێن، هەروەها سەرۆکوەزیرانمان هاندا لە داهاتوودا زیاتر سەردانی بەغدا بکات و بەردەوام بێت لەو دیدارانە، بۆ ئەوەی چارەیەک بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە و پەیوەندییەکان لە نێوان هەولێر و حکوومەتی فیدراڵ زیاتر قوڵ بکرێنەوە”.
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هادی عامری ئاماژەی بەوە کرد، “دادگای فیدراڵی، حکوومەتی عێراق پابەند دەکات بە ناردنی مووچە، تەنیا کێشیەکەی تەکنیکی هەیە لە بەبانکیکردنی بابەتەکە.”