مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای هێرشكردنە سەر چەند ڕێستۆرانتێكی ئەمەریكی لە بەغدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆمپانیایەكی ئەمەریكی و پەیمانگایەكی بەریتانی لەلایەن كەسانێكی نەناسراو هێرشی كرایە سەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـى ئایاری 2024، باڵەخانەی كۆمپانیای كاتەرپیلەری ئەمریكی تایبەت بە كەرەستەی بیناسازی لە ناوچەی جادرییە بە بۆمبی دەنگی و پەیمانگای پەروەردەیی كامبریجی بەریتانی بە بۆمبی دروستكراوی ناوخۆیی هێرشی كرایە سەر و بەپێی سەرچاوە میدیاكانی عێراق، هێرشەكە جگە لە زیانی ماددی و زیانی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.
ئەم هێرشە درێژكراوی ئەو هێرشانەن كە 26ـى ئەم مانگە كرایە سەر هەر یەك لە ڕێستۆرانتی (كەی ئێف سی و لیزچیللی)، تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێك بەرپرسیاریەتی ئەم هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.