مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پرۆژەی ژیانی گەشتیاری لە ڕواندز، دوای ماوەیەك لە وەستانی، جارێكی تر كارەكانی دروستكردن و بنیاتنانی دەستیپێكردەوە و بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سۆران یش هۆكاری وەستانی پرۆژەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێ لە لایەك پرۆژەكە هەندێك ڕێكاری مابوون تەواو بكرێن و لە لایەكی تریشەوە وەبەرهێنەرەكە بە خۆی كاركردن لە پرۆژەكەی ڕاگرتبوو.
دلڤان عومەر بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “دوای بەدواداچوون و بانگكردنی وەبەرهێنەرەكە و تەواوكردنی ڕێكارەكانی كە مابوون، لە ئێستادا پرۆژەكە دەستی بە كارەكانی كردووەتەوە،”
دلڤان دەشڵێت بەشێكی زۆری زەوی پرۆژەكە بە هۆی بارانبارینەوە ڕۆچووە و زیانی بەركەوتووە، بۆیە یەكێك لە ڕێكارەكان گۆڕینی زەوییەكەی بوو بە یەكێكی باشتر .
هەر وەكوو بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سۆران ئاماژەی بۆ دەكات “ماوەی كاركردن لە پرۆژەكە 30 مانگە و لە ئێستادا كەمتر لە 10 % پرۆژەكە جێبەجێكراوە.”
پرۆژەی ژیانی گەشتیاری ساڵى 2021 مۆڵهتى پێدراوه و لە بەرزایییەكانی گەڕەكی بانەزێوك لەسەر ڕووبەری 10 دۆنم زەوی دروست دەكرێت و پێك دێت لە موتێل و هۆتێل و خواردنگە و كافتریا و شاری یاری و مەلەوانگە و فڕۆكەخانەیەكی بچووك.