موڕشید برادۆستی – سۆران :
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، ناوی 950 كەسی بۆ وەزارەتی كار بەرز كردۆتەوە و بڕیارە لە داهاتووەكی نزیكدا رەزامەندیان بگەڕێتەوە و دابمەزرێن، بەرپرسێكی حكوومی زانیاری بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو.
توران خدر بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لەلایەن هۆبەی تۆڕی پارستنی كۆمەڵایەتی بەڕێوەبەرایەتییمان، ناوی 950 كەس كە پێكهاتوون لە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكانی وەك ” تالاسیما، بیركۆل، ئۆتیزم، شەلەل دەماغ، هیموفیلیا ” و چەند حاڵەتێكی دیكە كە ڕێژەی كەمئەندامیان 100% و پێویستیان بە دەرمان و چارەسەر و پێداویستی بەردەوام هەیە و مستەحەقن .
توران خدر، دووپاتی كردەوە، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەرقاڵی تەواو كردنی مامەڵەی ئەو كەسانەیە كە خاوەن پێداویستی تایبەتن و لە رێگەی لیژنەكانی تەندروستی پشكنینیان بۆ كراوە، دەشڵێت:” كارەكانیان لە قۆناغی كۆتاییدایە و وەزارەتی كار پێشتریش موژدەی دڵخۆشكەری بۆ گەڕانەوەی ناوی كەسانە راَگەیاندبوو، هیوادارین لە داهاتووەكی نزیكدا ناوەكانیان بگەڕێتەوە و ببنە خاوەن مووچەی خۆیان .
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، ئاشكراشی كرد:” هەوڵ هەیە مووچەی كەمئەندامانی هەرێمی كوردستان هاوتای كەمئەندامانی عێراق بكرێت، بەم شێوەیەش مووچەیان زۆر زیاتر دەبێت لەو مووچەی ئێستا پێیان دەدرێت .
بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، بە زاری كرمانجی دراوە، لە سنووری ئیدارەی سۆران چوار هەزار و چوارسەد خاوەن پێداویستی تایبەتی تۆماركراو هەیە و مانگانە مووچەیان پێدەدرێت .