مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گەنجێكی كوردی خەڵكی شارى سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كاتی كۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەكانی شاری بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەكانی ئێران كوژرا.
دوێنێ سێشەممە 28ـی ئایاری 2024، سینا ڕەسووڵزادە ی تەمەن 19 ساڵ، لە گەڵ كۆمەڵێك لە هاوپیشەكانی لە كاتی كۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەكانی شاری بانە، لەلایەن هێزە چەكدارەكانی ئێران كە لە سنووری سەرتەزێنی بانە جێگركراون، تەقەیان لێ دەكرێت و گیان لەدەستدەدات.
بەپێی ئامارە كۆكراوەكانی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان، لە مانگی ڕابردوودا شەش كۆڵبەری كورد بە ناوەكانی شوانە ئەحمەدپوور، هێمن ئەحمەدی، جەلال سوهرابی، عەتا ڕوستەمپوور، سالار ئەحمەدی و واحید قادرپوور لە ناوچە سنوورییەكانی بانە، سەقز و سەردەشت بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوژراون.