زاری كرمانجی :
ماوەیەكە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێن بەربوون لە چەن ناوچەیەكی كوردستان هەیە، بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری سۆران هەڵمەتێكی لە ژێر ناونیشانی ” بەرنگاربوونەوەی تای خوێن بەربوون “ـی دەستپێكردووە .
د . سەیدەوان رواندزی بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ساڵی رابردوو لە چەند قەزا و ناحیەیەكی سنووری ئیدارەی سۆران شەش حاڵەتی تای خوێن بەربوون تۆماركران، لەوانە سێ كەسیان گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیكەش چاكبوونەوە، بەڵام ئەمساڵ هیچ حاڵەتێكی تای خوێن بەربوون لە سنوورەكەمان تۆمار نەكراوە .
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری سۆران، دەڵێت:” هەڵمەتێكی بەرنگاربوونەوەی تای خوێن بەربوونمان دەستپێكردووە، كە خۆی دەبینێتەوە لە دەرمانی ڕشاندنی هۆڵەكان، شووشتنی ئاژەڵ و كوتانیان، ئەم خزمەت گوزاریی و پێداویستیانە بە خۆڕاییە و بۆ سەرجەم بنكەكان دابین كراوە و بەسەر هاووڵاتییان و ئاژەڵداران دابەش دەكرێت .
زیاتر گووتی:” لەو نەخۆشییە ئاژەڵ هیچی بەسەر ناهێت و تەنانەت هیچ نەخۆشیەكیشی لێ بەدی ناكرێت، تەنها ئەو كەسەی دەبێتە هەڵگر و تووشبووی نەخۆشیەكە، باری تەندروستی تێكدەچێت و تووشی خوێن بەربوون دەبێت .
تای خوێنبەربوون، بەهۆی ڤایرۆسێكەوە سەرهەڵدەدات كە زیندەوەرێكی بچوك “گەنە” هەڵیدەگرێت، لەرێگای ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ و بەهۆی گەنەیەكەوە كە ڤایرۆسەكە هەڵدەگرێت،نەخۆشییەكە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1944 لە جەنگی جیهانی دووەمدا سەریهەڵداوە، 40% ئەو كەسانەی تووشی دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.