زاری کرمانجی :
هەنگەوانانی سنووری قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نیگەرانی لەبەرامبەر ڕێگە پێدان بە هەنگی شوێنەکانی دیکە دەردەبڕن و لەڕێگەی زاری کرمانجی، داوا لە لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکەن ڕێگە بە هاتنی هەنگی دەرەوەی سیدەکان نەدرێت، نوێنەری هەنگەوانانی دەڤەرەکەش هۆکارەکە ئاشکرا دەکات.
ئەمیر نەبی، نوێنەری هەنگەوانان لە سیدەکان، بە زاری کرمانجی گووت:” ژمارەیەک هاووڵاتی لە سنوورەکەمان بە کاری هەنگەوانییەوە خەریکن، بەهۆی هەڵکەوتەی دەڤەرەکەمان و هەبوونی کوێستان و ئاو و هەوایەکی لەبار، هەنگوینی دەڤەرەکەمان لەسەر ئاستی کوردستان ناوبانگی باشی دەرکردووە، بەڵام بەهۆی هێنانی هەنگی شوێنەکانی دیکە بۆ سنووری سیدەکان و پێدانی شەکر بە هەنگەکانیان کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی هەنگوینی ئێمە دروست کردووە .
بەگووتەی ئەمیری هەنگەوان، بەهۆی تێکەڵابوونی هەنگی ئێمە و ئەوان دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی هەنگەکانی ئێمەش لەو شەکرەی پێی دەدەن بیخۆن، دەشڷێت:” بەوهۆیە هەنگوینی سیدەکان عەیبدار دەبێت و لە بازاڕ ساغ نابێتەوە و خەڵک متمانەی پێ نابێت.
دووپاتی کردەوە، لەگەڵ قائیمقامی سیدەکان و بەرپرسانی دیکە کۆبووینەوە، ئەو داواکارییە ڕەوایەی سەرجەم هەنگەوانانی دەڤەرەکەمان پێشکەش کردوون و داوا دەکەین چیتر ڕێگەیان پێ نەدرێت هەنگەکانیان بهێننە سنووری سیدەکان.
بەپێی ئەو ئامارە نافەرمییەی بە زاری کرمانجی دراوە، سەرجەم هەنگەکانی دەڤەری برادۆست بە نزیکەی 10 هەزار هەنگی ” سندووق و خەلێف ” پێکدێن، لە کاتێکدا ساڵانی ڕابردوو سەرووی 25 هەزار هەنگی شوێنەکانی دیکە بۆ بەخێوکردن دەهێندرایە سنووری سیدەکان.