وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕایدەگەیەنێت، بەشێک لە داهاتی ناوخۆی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ دووشەممە، 27-05-2024، بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2024، بەشێوەی نەختینە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەڵێت، بڕە پارەکە بریتییە لە سەدا 50ـی داهاتی باج و ڕەسمی گومرگی لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوبات بە پێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممە، 23-05-2024، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. دووپاتیشی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، “هیچ لارییەکی نییە لەگەڵ ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا”.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و ڕۆژی چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.