مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پۆلیسی ئێران دەستگیركردنی سێ هاووڵاتی ئەورووپی و دەیان ئێرانی لە شاری شەهریار لە نزیك تارانی پایتەخت بە تۆمەتی (ئەندامبوون لە تۆڕێكی شەیتان پەرستی) ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیاندراوەكەی پۆلیسی ئێران هاتووە ” 146 پیاو و 115 ژن، بە ئامادەبوونی سێ هاووڵاتی ئەورووپی، لە میانی دانیشتنێكی (شەیتان پەرستی دا) دەستگیركراون،”
پۆلیس ڕوونكردنەوەی زیاتر لە سەر ئەو كەسانە بڵاو دەكاتەوە و تۆمەتباریان دەكات بە بڵاوكردنەوەی كولتوورێكی شەیتانی و بێ ئەخلاقی.
جگە لە دەستگیركردنی 261 كەس، 73 ئۆتۆمبێلی ئەوانیش لە لایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەر داگیراوە.
ئەمە جاری یەكەم نییە پۆلیس هەڵمەتی گەڕان و دەستگیركردنی شەیتان پەرستان لە وڵاتەكەی ئەنجام دەدات، لە مانگی ئابی 2022، بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری لە پارێزگای مازندەران دەستگیركردنی 120 ئەندامی كاروانێكی گەشتیاری لە كێوی بیراجە نیكا بە تۆمەتی “بەرزكردنەوەی لافیتەی شەیتان پەرستی”ڕاگەیاند، هاوكات لە ساڵی 2018 تەنیا لە پارێزگای قەزوین، پۆلیس دەستی بەسەر زیاتر لە 35 هەزار جلوبەرگ داگرت كە هێمای شەیتان پەرستی بەسەرەوە بوو.