مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێر، سێ ڕێستۆرانتی ئەمریكی لە بەغدای پایتەختی عێراق هێرشی كرایە سەر و تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی بەئامانجگرتنی ئەو ڕێستۆرانتانەی لەئەستۆنەگرتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە دوو ڕێستۆرانتی تری ئەمریكی بە ناوەكانی (كەی ئێف سی و جێڵی هاوس) لە یەك كاتدا لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراو هێرشی كرایە سەر و بەشی زۆری پێداویستییەكانی ناو ڕێستۆرانتەكانیان شكاندووە و دواتریش هەڵاتوون.
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانی ناوچەكە هێرشەكە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە و تا ئێستاش سەرچاوەی هێرشكران نەدۆزراوەتەوە و هیچ كەس و لایەنێكیش بەرپرسیاریەتی خۆیان ڕانەگەیاندووە.
دوێنێ ئێوارە زنجیرە ڕێستۆرانتەكانی (KFC) لە شەقامی فەلەستین بە دانان و تەقینەوەی بۆمبێك لەبەردەم ڕێستۆرانتەكە كرایە ئامانج.