زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە – بنگرد ڕایگەیاند، پردەکە سوودێکی زۆر بە هاووڵاتییانی ناوچەکە دەگەیەنێت و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی ڕۆژانەیان دەکات.
بەشێکی گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا، مایەی خۆشحاڵیمە کە دووبارە سەردانی ئەم دەڤەرە تێکۆشەرە و نیشتیمان پەروەرە دەکەم و لەگەڵ ئێوەی خۆشەویستم بۆ کردنەوەی پردی دەربەندی ڕانیە کە نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەکەیمان دانا.
دەستخۆشی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە گرنگە کە بێ گومان سوودێکی زۆر بە خەڵکی ئەم ناوچەیە دەگەیەنێت و سنووری پشدەر و بێتوێن و مەرگە پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەمە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دەکات؛ هەروەها سوودێکی زۆری دەبێت بۆ گواستنەوەی بەرووبوومی جووتیاران لە ناوچەکە. هەروەها یارمەتی گەشەسەندنی گەشتیاریی لەم دەڤەرە دەدات.
چوار ساڵ لەمەوبەر لە بارودۆخێکی سەختی دارایی و تەندروستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو قەیرانە ئابوورییەی تووشی هەرێمی کوردستان بوو، ئێمە لەو کاتە بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیەمان دانا کە خۆشبەختانە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو کرا و خرایە خزمەتی هاووڵاتییان. ئەمە بۆ ئێمە مایەی شانازی و پێ زانینە، کە ئەم پرۆژە گرنگە بە تەواوی لەلایەن توانا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە. خۆشبەختانە ئەمڕۆ شاهیدی ئەوەین کە توانا ناوخۆییەکان لە بواری دروستکردنی ڕێگاوبان گەشەیان سەندووە و کواڵێتیی ڕێگا و پردەکان زۆر باشتر بووە.