زارى کرمانجى-سۆران:
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەت ئامادە بێت لە كردنەوەی پردی دەربەندی رانیە، ئەو پردە ئاسانكارییەكی زۆر بۆ بازرگانی و هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم 27ـی ئایاری 2024، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت، پردی ڕانیە – بنگرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەكرێتەوە.
پردی دەربەندی ڕانیە لە ساڵی 2021 بەردی بناغەی لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گوژمەی 11 ملیار و 387 ملیۆن و 745 هەزار و 800 دینار دانرا.
پردەكە لەسەر زێی بچووكە و درێژییەكەی 420 مەتر و پانییەكەی 15 مەتر و 32 مەتر بەرزییەكەیەتی، ئیدارەی ڕاپەڕین و شارۆچكەی دووكان و سلێمانی پێكەوە دەبەستێتەوە و كارئاسانییەكی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و بازرگانی و گەشتیاری و كشتوكاڵیدا دەكات.
لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە، ئەوكات مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەركی خۆی دەزانێت خزمەتێكی شایستەی ئەم دەڤەرە بكات.
