هۆمایون شەجەریان : خەمەكانمان قوڕسە، دڵمان خوێناوییە، هەموو سەر و پێمان بریندارە
شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی :
بەهۆی نارەزایی و راپەرینی جەماوەری دژ بە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی، لەلایەن دەوڵەتەوە چاودێری خراوەتە سەر بەشێكی زۆر لە هونەرمەندان و وەرزشوانان و كەسایەتی دیاری ئێرانێ و هەندێكیان بۆ ئەوەی گەشت بەرەو دەرەوەی وڵات نەكەن، دەست بەسەر پاسپۆرتەكانیان داگیراوە، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری بەناوبانگ هۆمایون شەجەریانیش یەكێكە لەو كەسانەی كە پاسپۆرتەكەی دەستی بەسەردا گیراوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیلنا بڵاوی كردەوە، پاسپۆرتی گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر هۆمایون شەجەریان و ئەكتەری ناودار سەحەر دۆلەتشاهی لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ ئێران لە فڕۆكەخانەی ئیمام خومەینی دەستی بەسەردا گیراوە، شەجەریان لەم دوایانەدا لە دەرەوەی ئێران دەژی بۆ ئەوەی كۆنسێرت پێشكەش بكات، ئەو لە پۆستێكی ئینستاگرامدا دوای مردنی ژینا ئەمینی نووسیویەتی: “خەمەكانمان قورسە، دڵمان خوێناوییە، هەموو سەر و پێمان بریندارە”.
پێش ئەمەش هەواڵ دەربارەی دەستبەسەرگرتنی پاسپۆرتی ئەكتەران و كەسایەتییە وەرزشییەكان هەبوو، كە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دوایەی ئێران دەكرد، عەلی دایی، یاریزانی پێشووی تۆپی پێی هەڵبژاردەی ئێران و كەسایەتی ناسراوی وەرزشی و مێهران مەدیری، ئەكتەر و دەرهێنەر لەو كەسانەن كە دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران پاسپۆرتەكانیان دەستی بەسەردا گیراوە.