مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا داوا لە تەواوی وەزارەت و فەرمانگەكان دەكات ژمارەی فەرمانبەران لە خشتەی مووچەی مانگانە هاوتا بكەن لەگەڵ خشتەی میلاك.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە نێرراوە بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان داوای كردووە بە زوویی زانیاریی تەواو لەسەر مووچەخۆران و جووڵەی میلاكیان بۆ بنێررێت.
هاوكات هاوپێچ لەگەڵ نووسراوەكە، 11 خشتەی تایبەت بە مووچە و میلاك و زیاد و كەمبوونی میلاك و مۆڵەتی بێ مووچە و ناونیشانەكانی وەزیفی و خشتەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان نێرراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی دارایی لە نووسراوەكەیدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە دەبێت گۆڕانكارییەكانی زیادبوون و كەمبوونی میلاك و وێنەیەك لە فەرمانی (گواستنەوەی ڕاژە و دامەزراندن و گەڕانەوەی دامەزراندن و خانەنشینبوون و كۆتایی ڕاژە و دەستلەكاركێشانەوە و پلە بەرزكردنەوە) بۆ بەشی میلاكاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەزارەتی دارایی بنێردرێت.
هەر وەزارەت و فەرمانگەیەش خشتە و زانیارییەكانی پێش 10ی هەموو مانگێك تەواو نەكات، بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر هەر ڕێكارێك، كە دەگیرێتە بەر لەلایەن وەزارەتی دارایییەوە.