سەرۆك مەسعود بارزانی، بەبۆنەی 48ـەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان، پەیامێكی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:” شۆڕشی گوڵان كە هەڵگری بەها و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو پەیامێكی روونی بە هەموو ناحەزان و نەیارانی كوردستاندا، كە سەرباری بەهێزیی و ستەمكاری دوژمنان و بوونی پیلانگێڕییی جۆرا و جۆر، گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نادات و رۆڵەكانی تێكۆشانی خۆیان بۆ گۆڕەپانی حەقیقی خەبات كە خاكی پیرۆزی كوردستانە دەگوازنەوە .
دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی لەو لینكەیە : :
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمان و ئەزموونێكی پڕبەهای خۆڕاگری و هەستانەوەی گەلی كوردستانە. لە بارودۆخی دوای نسكۆ و ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیاراندا توانرا بە پلانێكی ورد و بڕوایەكی بەرز شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێت. شۆڕشی گوڵان كە هەڵگری بەها و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو پەیامێكی ڕوونی بە هەموو ناحەزان و نەیارانی گەلی كوردستان دا، كە سەرباری بەهێزیی و ستەمكاریی دوژمنان و بوونی پیلانگێڕیی جۆراوجۆر، گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نادات و ڕۆڵەكانی تێكۆشانی خۆیان بۆ گۆڕەپانی حەقیقیی خەبات كە خاكی پیرۆزی كوردستانە دەگوازنەوە.
لە چل و هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین و، ئەو تێكۆشەر و قارەمانانەش هەرگیز لەیاد ناكرێن كە لە خەباتی پێشمەرگایەتی و حزبی و خەباتی نهێنیی ناو شار و لە ئاوارەییدا ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و قوربانیان داوە و مێژوویان بۆ گەلەكەیان دروست کردووە. ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و ماندووبوونی گەل و پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە.
مسعود بارزانی
26ـی ئایاری 2024