مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، لە ڕاگەیاندراوێكدا هۆشداری بەو پیاوانە دەدات كە بەرهەمەكانی زیادكردنی ئارەزووی سێكسیی بەكار دەهێنن و رایدەگەینێت كە ئەو جۆرە بەرهەمانەی ڕێكلامیان بۆ دەكرێت دەبنە هۆی چەند نەخۆشییەكی مەترسیدار.
كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند “لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دووكانەكانی فرۆشتنی بەناو گیا دەرمان، بە بانگەشەی هەڵە و نا زانستی، كۆمەڵێك بەرهەمی ڕێگەپێنەدراو بەناوی بەرهەمی سروشتی و گیایەوە بۆ زیادكردنی ئارەزووی سێكسی و گەورەكردنی چووك دەفرۆشرێن، لە كاتێكدا ئەو بەرهەمانە پڕن لە ماددەی شاراوە”.
ئاشكراشی دەكات “بەپێی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی تاقیگەیی دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا (FDA)، ئەو بەرهەمانە مەترسیدارن، چونكە ماددە و دەرمانی شاراوەی وەك ‘سێڵدینافیل، تادالافیل، ڤێردینافیل، ئاڤانافیل و نۆرتادالافیل’یان بە بڕێكی زۆر تێدایە، كە بەكارهێنانیان مەترسیی گەورە لەسەر كۆئەندامی سووڕان، دڵ، جگەر و گورچیلەكان دروست دەكات و ڕەنگە مردنی كتوپڕی لێ بكەوێتەوە.”
لە ڕاگەیاندراوەكەی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان هۆشداری بە هاونیشتمانییان دراوە كە پێویستە ئاگاداری ئەو جۆرە بەرهەمە ساختانە بن كە لە ڕێگەی كەناڵە جیاوازەكانی ئینتەرنێت و بازاڕەكانی ئۆنلاین و سۆشیاڵ میدیا و ئیمەیل و ساڵۆن و دەرمانخانەكان و دووكانەكانی گیا دەرمانی دەفرۆشرێن و دەڵێ “بەرهەمی دەرمانسازی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی لەڕێی ڕاوێژی پزیشكی پسپۆڕ وەربگرن و دەرمانیش دوای ڕاوێژی دەرمانساز لە دەرمانخانەكان بكڕن، تەنیا ئەو دەرمانانە بەكار بهێنن كە ستیكەری كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان – وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە”.