شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” پشووی هاوین دوورودرێژە و دەكرێ منداڵ زۆرترین سوودی لێ وەربگرێت.
د. محەمەد حەسەن، پسپۆر و دكتۆرا لە نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” پشووی هاوینان بۆ ئەو منداڵانەی قوتابین یاخود دەچنە باخچەی ساوایان، دەتوانن باشترین دەرفەت وەرگرن، ناكرێت بڵێین” هاوینە و وەرزی پشووە، منداڵ هەرچی بكات ئاساییە و بە دڵی خۆی بخەوێت و بخوات و بچێتە دەر، بۆیەش جگە لەو مافانەی كە پێیان دەدەین پێویستە دەرفەت لەو كاتەش وەرگرین بۆ ژیانێكی تەندروست بۆیان.
ئەم پزیشكە، راشیگەیاند” لەم پشووە دوورودرێژەدا دەكرێ منداڵ زۆر لێی سوودمەند بێت بەم شێوازانەی خوارەوە:
-ناكرێ منداڵ درەنگ بخەوێت، چونكە دەبێتە مەترسی لەسەر تەندروستی، بۆیە نابێ خەویان لێ تێكبدەین و پێویستە سەر لە ئێواران بخەوێت، بەیانیان زوو هەڵبستێت.
- خولی قورس و فێركردنی بابەتی زیادە و ناپێویست منداڵ بێزار و ماندوو دەكات، دەكرێ لە رێگەی خوێندنەوەی سادەی كتێب حەز و ئارەزووی زیاد بكرێ و هانبدرێ.
- شاشە و ئامێری ئەلیكترۆنی زۆر كەم بكرێتەوە.
-وەرزشی جۆرا وجۆر زۆر گرنگە وەك مەلەكردن، راكرن، یاری تۆپی پێ، وەرزشی هزری وەك شەتڕەنج، دامەو…هتد، ئەمانە گەشە و مێشكی منداڵ بەهێز دەكەن.
-گەشتكردن وگەڕان بەپێی توانا، ئەمەش هێز و توانای تایبەت بە منداڵ دەبەخشێت.
-كێشانی وێنە و خۆشنووسی خولیایەكی گرنگ و زۆر بەسوودە.
-سەردان وتێكەڵاوی بەپێی پێویست، خۆشەویستی و سۆزیان زیاد دەكات.
-فێركردنی منداڵ بۆكاری ناوماڵ و هاوكاری دایك و باوك بەپێی توانایان، ئەمەش دەتوانێت ئەوان بەرەو سەركەوتن و پشت بەخۆبەستن ببات.
-ئەنجامدان و راهێنانیان بۆ رەوت و رەوشتی ئایینی بەپێی تەمەن یارمەتیەكی بەهێزیان دەدات.