مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ڕێگەی دانانی بازگەیەكی شەوانەی هاوبەشی نێوان پۆلیسی هاتووچۆ و ئاسایش، هەڵمەتێكی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلەكان لە شەقامە سەرەكییەكانی قەزای ڕواندز دەستی پێكردووە و گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سۆران یش دەڵێ هەڵمەتەكە تەواوی شارەكانی ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە.
عەقید محسین تەحسین گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “ئامانج لەم هەڵمەتە دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلە دەنگ بەرزەكانە كە بوونەتە هۆكارێك بۆ بێزاركردنی هاووڵاتییان،”
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سۆران ئاشكراشی دەكات كە لە هەڵمەتەكەدا ئەو شۆفێرانەی دەستكاری گزۆزی ماتۆڕەكانیان كردووە و دەنگیان بەرز كردووەتەوە، ڕووبەڕووی سزای پێ بژاردن دەبنەوە و بەڵێننامەیان پێ پڕ دەكرێتەوە تا گزۆزەكە چاك بكەنەوە، ئەگەر كەمتەرخەمیان كرد و پابەندنەبوون بە بەڵێننامەكە سزاكەیان توندتر دەبێت
بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سۆران ئامادە نەبوو هیچ ئامارێكی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلەكان بۆ زاری كرمانجی ئاشكرا بكات و دەڵێ “ڕێگامان پێ نەدراوە هیچ ئامارێك بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاشكرا بكەین.”
































































