شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی:
گواستنەوەی دەسەڵات و سامان، كچی ملیاردێرێكی هیندی پشكێكی گەورەتر لە بەڕێوەبردنی كۆمپانیای باوكی وەردەگرێت، ملیاردێری هیندی موكیش ئەمبانی بەرپرسیارێتی نوێ داوەتە هەریەك لە سێ منداڵەكەی، لە هەنگاوێكدا كە بڕیارە ئاراستەیەكی نوێ بۆ كۆمپانیای ڕیلاینس ئیندستریز دابنێت، ئەم بڕیارە لە دوایین كۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی كۆمپانیای ڕیلایانس ئیندستریز، بە 220 ملیار دۆلاری فرە مەبەست ڕاگەیەنرا كە بواری چالاكییەكانی بریتییە لە پاڵاوتنی نەوت و بازرگانی كاڵا.
منداڵە دووانەكانی ئەمبانی كە گەورەترن، ناویان ئاكاش و عائیشە ئەمبانی، بڕیارە سەركردایەتی و بەڕێوەبردنی بەشی پەیوەندییەكان و فرۆشتنی كۆمپانیای ڕیلاینس ئیندستریز بكەن، كوڕە بچووكەكەی بڕیارە بەشی نوێی وزە بەڕێوە ببات.
یەكێك لە گەورەترین گۆڕانكارییەكانی بەڕێوەبردن لە كۆمپانیایەكی وەك ڕیلاینس كە بەرزترین نرخی پشكەكانی لە بازاڕی بۆرسەدا هەیە، ماوەیەكی زۆرە پلانی بۆ دانراوە و دیزاین كراوە، وردەكارییەكانی ئەم گواستنەوەیە هێشتا ورد نین و زۆربەیان قسەكردنن، بەڵام ئەوەی دڵنیایە ئەمبانی نایەوێت مێژوو دووبارە بێتەوە و هەموو ئەو ناكۆكییە یاسایانەی میرات كە لەگەڵ برا بچووكەكەی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر هەیبوو دوای مردنی باوكی بەسەر منداڵەكانیدا دێت.
باوكی ئەمبانی بە بێ ئەوەی وەسیەتنامەیەك بەجێ بهێڵێت كۆچی دوایی كرد، ئەو ڕۆڵە بەڕێوەبەرایەتییە باڵایەی كە عائیشە ئەمبانی دەیگرێتە ئەستۆ، جیاوازییەكی توندە لەگەڵ ئەو بەرپرسیارێتی پەراوێزیی و كەمتر گرنگانەی كە ژنانی دیكەی خێزانەكە تا ئێستا لە ناوەڕۆكدا هەڵیان گرتووە، لە دوو دەیەی ڕابردوودا نەوەیەكی نوێی خێزانە پیشەسازییەكان و كۆمپانیا گەورەكان لە هیندستان ئامادەیی زیاتریان نیشان داوە بۆ ئەوەی ژنان بخەنە ڕۆڵی گرنگترەوە، بەڵام شرۆڤەكاران دەڵێن هێشتا ڕێگایەكی دوور و درێژ ماوە.