زارى کرمانجى:
ئەمڕۆ تەرمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران لە شوێنی لەدایک بوونی لە مەشهەد بە خاک دەسپێردرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، لەنێو ئاپۆرا و جەماوەری ئێران و نوێنەرانی ژمارەیەکی زۆری وڵاتان کە شاندی باڵای هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، تەرمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران لە شوێنی لە دایکبوونی لە مەشهەد بە خاک دەسپێردرێت، پاش ئەوەی دوو رۆژی رابردوو تەواوی ئامادەکاریی بۆ ناشتنەکەی کرا.
ئیبراهیم رەئیسی تەمەن 63 ساڵە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەگەڵ وەزیری دەرەوە و شەش لە ئەندامانی تیمەکەی، بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لەناوچەیەکی شاخاوی لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکەیان گیانیان لەدەستدا، ئەوکاتەی لە مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەیەکی بەنداو لەگەڵ ئازەربێجان دەگەڕانەوە.