محەممەد مەحموود – رواندز :
لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢ی ئایاری ٢٠٢٤،بە گوژمەی زیاتر ٢ ملیار و نیو دینار،بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامی قەزای ڕواندز و بەرپرسانی حکومی و حزبی، بەردی بناغەی پێنج پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ڕواندز داندران و لە ئێستادا کارکردن لەو پڕۆژانە دەستی پێکردووە.
لەم بارەیەوە ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز بە زاری کرمانجی راگەیاند ” ئەو پڕۆژانەی لەسەرەتای ئەو مانگەوە بەردی بناغەیان بۆ داندرا، لە ئێستادا کارکردن لە تەواوی ئەو پڕۆژانە دەستی پێکردووەو کەوتنە واری جێ بەجێ کردن”.
قایمقامی رواندز، گوتیشی” لە نزیکەوە چاودێری وردی کارەکان دەکەین و کارەکان تا ئێستا زۆر بەباشی چوونەتە پێشەوە و دەخوازین پڕۆژەکان لە کاتی خۆیان تەواو بکرێن.
ئەو پڕۆژانەی لەسەرەتای ئەو مانگەوە بەردی بناغەکانیان دانران ئەمانەن، پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان، قێرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی رێگای گوندەکانی سەران، گەرەوانی خواروو، ئاکۆیان، فەقیان، ئاوی کەون، گەرەوانی سەرو لە سنووری قەزای رواندز، چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کۆڵانەکانی سەنتەری قەزای رواندز،نۆژەنکردنەوەی یاریگای بانەزێووک ، کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی گوندەکانی بەرزێوە، ماویلیان و جوندیان.