سەرۆككۆماری توركیا : درۆنی بایراكتار ئاكنجی ئەركەكەی بە سەركەوتوویی لە دۆزینەوەی هەلیكۆپتەرەكەی ڕەئیسی جێبەجێ كرد
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران : فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی توركیا لە كارەكەیدا سەركەوتوو نەبووە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دۆزینەوەی پاشماوەی هەلیكۆپتەرە ونبووەكەی سەرۆككۆماری ئێران، مشتومڕی لە نێوان توركیا و ئێران دروست كردووە، توركیا دەڵێ درۆنەكەی ئێمە سەركەوتوو بوو لە دۆزینەوەی هەلیكۆپتەرە تێكشكاوەكەی ڕەئیسی و ئێرانیش دەڵێ بەپێچەوانەوە فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكەی توركیا لە ئەركەكەیدا سەركەوتوو نەبوو.
ڕۆژی 19ـی ئایار هەلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران و شاندی یاوەری لە ڕووداوێكی نادیاردا لە پارێزگای تەورێز كەوتە خوارەوە و بەو هۆیەوە تەواوی سەرنشینەكانی نێو هەلیكۆپتەرەكە گیانیان لەدەستدا.
سەرەتا توركیا ڕاگەیاند كە لە سەر داواكاری ئێران بۆ دۆزینەوەی هەلیكۆپتەرەكەی ڕەئیسی، درۆنی بایراكتار ئاكنجی یان ناردووتە ئاسمانی ئێران، كەچی ئێران ڕەتی دەكاتەوە داوای هاوكارییان لە توركیا كردبێت بۆ ئەم مەبەستە و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەڵێ “دوای ئەوەی وڵاتانی دۆست پێشنیازی هاوكارییان كرد، ڕەزامەندیمان بۆ پێشنیازی توركیا دەربڕی، كە نزیكترین وڵاتە لە ئێرانەوە. توركیاش فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هەڵگری كامێرای شەو و حەراری ڕەوانەی ناوچەكە كرد.”
دۆزینەوەی هەلیكۆپتەرە تێكشكاوەكەی ڕەئیسی، مشتومڕی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دروست كردووە و هەر یەكیان باس لە ڕۆڵی درۆنەكانی خۆیان دەكەن و ڕەتی قسەكانی یەكتر دەكەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆككۆماری توركیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاند “لە ڕووداوی كەوتنە خوارەوەی هەلیكۆپتەرەی ڕەئیسی سەرۆككۆماری ئێران و شاندی یاوەری، گرنگیی درۆنەكان جارێكی دیكە دەركەوت.” دەشڵێت ” بایراكتار ئاكنجی لەسەر داوای برا ئێرانییەكانمان، ڕۆڵێكی كارای لە ئۆپەراسیۆنەكانی گەڕان و فریاكەوتندا لە ئەستۆ گرت و حەوت كاتژمێر و نیو سەرەڕای نالەباریی كەشوهەوای ناوچەكە، چالاكیی گەڕان و سكان كردنی كرد و ئەركەكەی بە سەركەوتوویی جێبەجێ كرد، گەڕایەوە.”
كەچی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕەتی كردووە كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی توركیا لە كارەكەیدا سەركەوتوو بووبێت و دەڵێ “شوێنی ورد و دروستی ڕووداوی كەوتنە خوارەوەی هەلیكۆپتەرەكە، لەلایەن هێزەكانی فریاكەوتنی زەمینی و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەستنیشانكراوە و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی توركیا بەهۆی نەبوونی ئامێری تایبەت بە “دەستنیشانكردن و چاودێریكردنی شوێن لە ژێر هەورەكاندا” سەركەوتوو نەبوو لە دیاریكردنی ورد و دروستی شوێنی كەوتنە خوارەوەی هەلیكۆپتەرەكەدا و لە ئاكامدا گەڕایەوە بۆ توركیا.”