مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەهۆی تەقینەوەی مینێك لە بەرزایییەكانی چیای كێلەشین كەسێك گیانی لە دەستدا و دوو براش بە سەختی بریندار بوون.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە كە دوا نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 21ـى ئایاری 2024، لە چیای كێلەشین، مینێك بە سێ هاونیشتمانی گوندی میراوی سەر بە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان تەقیوەتەوە و یەكێك بە ناوی ئیسماعیل عەزەوزەمە تەمەن ٣٧ ساڵ، گیانی لەدەستداوە و دوو براش بە ناوەكانی هێمن مووسەوی تەمەن ٢٧ ساڵ و هادی تەمەن ٢٦ ساڵ بە سەختی برینداربوون.
ڕێكخراوی هەنگاو ئاشكراشی دەكات ئەو هاووڵاتییانە بەمەبەستی كۆكردنەوەی گیای بەهاری و دەرمانی چوونەتە چیای كێلەشین و دەشڵێت لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سوپای پاسداران، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكومەت، مینی نوێی لە سنوورەكانی چیای كێلەشین ی شنۆ چاندووە.