موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
لە قەزای سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەند پڕۆژەیەكی خزمەت گوزاری لە بواری رێگەوبان دەكەونە واری جێبەجێ كردن، سەرۆكی شارەوانی قەزاكەش زانیاری بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو .
عەبدولقارد ئەكرەم سەرۆكی شارەوانی سیدەكان بە زاری كرمانجی راگەیاند:” هەفتەی داهاتوو بە گوژمەی 726 ملیۆن دینار لە سەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەردی بناغەی قیڕتاوكردنی چوار گەڕەكی سنووری شارەوانیمان دادەندرێت و لە لایەن كۆمپانیای ” كانی مێزەر ” دەست بەجێبەجێ كردنیان دەكرێت و لە ماوەی 200 رۆژ دەبێت سەرجەم كارەكان لەو پڕۆژانە بەكۆتا بێن.
سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، دەڵێت:” هەریەك لە گەڕەكەكانی ” سیدەكانی كۆن لە كۆتایی دووساید تا سەر پری سیدەكان و كۆڵانەكانی ئەوێ، كۆڵانەكانی گەڕەكی فەرمانبەران دوو كە پێكدێت لە كۆڵانەكانی پشت یاریگا و نزیك مزگەوتی گەڕەك، سەرجەم كۆڵانەكانی گەڕەكی ئازادی، هەروەها كۆڵانەكانی گەڕەكی گوڵان بە دیاری كراوی پشت گەرماوەكەی سیدەكان سەرجەمیان قیڕتاودەكرێن و خزمەت گوزاریان پێدەگات.
گووتیشی:” بە قیڕكردنی ئەو گەڕەكو كۆڵانانە ئاستی ئاوەدانی لە سنووری شارەوانیمان دەچێتە قۆناغێكی نوێیەوە، ئاسانكاری زۆر بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت، هەموو هەوڵێك دەدەین خزمەت گوزاری بگەینینە سەرجەم گەڕەكو كۆڵانەكانی سنووری شارەوانیمان “.