مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێ لە دەروازەی سنووری عەرعەری سعوودیە تابلۆی ڕێنمایی بە زمانی كوردی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە ئایندەشدا كار بۆ زیادكردنی زمانی كوردی دهكهن لە پاڵ ئەو 16 زمانەی تر كە ڕێنمایی بۆ حاجییان بڵاو دەكەنەوە.
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی ڕایگەیاند “بە هەوڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، دوای بەشداریكردنی بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ( شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی) لە كۆنفرانسی جەددە بۆ خزمەتگوزاری حەج و عومرە لە میانەی كۆنفرانسەكەدا پێشنیازی زیادكردنی زمانی كوردی لە شوێنە فەرمییەكان بۆ وەزیری حەج و دەسەڵاتدارانی سعوودیە كرد و لە نزیكەوە گفتوگۆی بەرهەمدار لەسەر ئەو پرسە كرا.”
دەشڵێت “هەر لەم هەفتەیەدا بە مەبەستی كاركردن لەسەر ئەم پێشنیازانە، وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە داوای كردووە بە زووترین كات تابلۆكانی دەروازەی سنووری عەرعەر بە زمانی كوردی بۆیان ڕەوانە بكرێت، تا بۆ پێشوازیكردنی حاجییان دابنرێت،”
هەر وەكوو وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی ئاماژەی بۆ كردووە ئەمە یەكەم جارە لە مێژووی سعوودیە زمانی كوردی لە شوێنە فەرمییەكان هاوشێوەی زمانەكانی تر لەسەر تابلۆیەكان دابنرێت.
ئاشكراشی دەكات كە ئەمە هەنگاوی یەكەمە و لە ئایندە چەندین ڕێنمایی و ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكانی وەزارەتی حەج و عومرە كە تایبەت بە بواری حەج و عومرە بە زمانی كوردی ڕێنمایییەكان بڵاو دەكەنەوە.