زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی هێزێكی زۆری چەكدارانی حەشدی شەعبی دوێنی 11 ـ 10 ـ 2022 بە چەكی قورسەوە چوونە نێو خانەقین بە مەبەستی دوورخستنەوەی لایەنە كوردییەكان لەو شارە كوردستانییەدا.
درەنگانی شەوی رابردوو محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری گشتی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكات رێگەی بدەن تاكو هێزی حیزبەكەی بجوولێنێ بەرەو خانەقین و چەكدارانی حەشد لە شارەكە دووربخاتەوە.
سكرتێری گشتی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان وەك پێشمەرگەی دێرین داواكارییەكەی ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە دەڵێ: “بەڕێز وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
سڵاو ڕێز … بەڕێزان .. حكومەتی عێراق سەرەڕای وەزعی خراپی و بێ سەروبەری و نەمانی شیرازەی وەك دەوڵەت وا بۆ ساڵێك دەچێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كراوە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە حكومەتێك دابمەزرێنن.
لەگەڵ ئەو وەزعە خراپەشدا، هێشتا كوردیان لەبیر نەچووە، وەزیری نەوت و دادگا زەلیلەكانیان هەر ڕۆژەو هەڕەشەو كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكەن. لە ناوچە دابڕاوەكانیش كورد لەسەر ماڵ و موڵكی باوباپیرانیان دەرئەكەن لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مردو و گۆڕستانەكانی كورد، لەو ناوچانە لە زیندوەكانی نەتەوەكانی تر زیاترە، وا خۆشتان ئەبینن بە دیل گیراون و ئێستا ئەو پاڵەوانانە هاتونەتە شاری خانەقین و هەڕەشەو گوڕەشە و سیاسەتی بە عەرەب كردن لە دژی كورد ئەنجام ئەدەن”.
محەممەدی حاجی مەحمود ئەوەش دەڵێ :”جەیشی عێراقی لە شەڕی عەرەب ئیسرائیل زۆریان بەدیل گیران و ڕایان كرد، لە شەڕی نێوان ئێران عێراق سەدان هەزاریان لە جەیشی عێراق بەدیل گرت، لە شەڕی كوێت هەزارانیان بە دیل گیراو ئێستا خۆیان لەسەر خەڵكی بێ چەكی كورد تاقی ئەكەنەوە”.
ئەو پێشمەرگە دێرینەی كوردستان لە داواكارییەكەیدا باس لەوە دەكات گەر حكومەت ئیلتیزامی هەیە و ناتوانێ هێز بەكاربهێنێ، ئەوا رێگە بە هێزەكانی پارتی سۆسیالیست بدەن تا لە رێگە نەدەن پۆستاڵی ڕەشی ئەو چەكدارانە لە خانەقین جێگیر ببێت و دەڵێ :” ئەگەر حكومەت ئیلتیزامی هەیە، ناتوانێ هێز بەكاربهێنێ، ئەوا داواتان لێ ئەكەین ڕێگای هێزەكانی پارتی سۆسیالیست بدەن لە ماوەی چەند سەعاتێك دا ئەگەینە شاری خانەقین، شاری خەبات و شەهیدان و خۆڕاگری و ڕێگا نادەین بێگانە پۆستاڵی ڕەشیان لە خانەقینی ئازیز جێگیر ببێت”.