كەسوكارەكەی لە ڕێگەی زاری كرمانجی یەوە داوای هاوكاری دەكەن
مەهدی محەممەد – ڕواندز :
هاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای رواندز بە دەست نەخۆشییەكی دەگمەن دەناڵێنێت و پزیشك ماوەی سێ مانگی بۆ داناوە، گەر چارەسەری نەخۆشییەكەی نەكرێت گیان لە دەستدەدات، نەخۆشەكە توانای ئەو بڕە پارەییەی نییە تا نەشتەرگەرییەكەی پێ ئەنجام بدات، بۆیە كەسوكاری پەنایان بۆ كەسانی خێرخواز و مزگەوتەكان بردووە تا لەو رێگەیەوە پارەی نەشتەرگەرییەكە كۆبكەنەوە، كەسێكی نزیكی نەخۆشەكە لە رێگەی زاری كرمانجی یەوە داواكارییەك ئاراستەی كەسانی خێرخواز و دەسترۆیشتوو دەكات و دەڵێ “تكایە لە هەر كوێیەكی كوردستان هەن، دەستی هاوكاری بۆ ئەو نەخۆشە درێژ بكەن و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ خانەوادەكە بگەڕێننەوە و منداڵەكانی لە بێ باوكی بپارێزن.”
ئەحمەد شێرزاد محەممەد شەریف پۆلیسە لە هێزی ئامادەباشی سۆران و خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە،
گەیلان سلێمان باس لە نەخۆشییەكەی ئەحمەد دەكات بۆ زاری كرمانجی و دەڵێ “تووشی نەخۆشییەكی دەگمەن هاتووە و مێشكی دوو كونی تێ بووە و ئاو لەوێیەوە دەیەتە ناو لووت و سینگییەوە، پزیشك دەڵێ بە تێپەڕبوونی كات لەگەڵ وشكبوونی ئاوەكە، نەخۆشەكە گیان لەدەست دەدات ئەگەر چارەسەری پێویستی بۆ نەكرێت،”
گەیلان ئاشكراشی دەكات كە پێشتر ئەحمەد لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە شاری ڕومادی، نەشتەرگەرییەكی قورسی بۆ ئەنجامدراوەو تەواوی قەپاغی سەرییان بۆ هەڵگرتووە و جۆرە پلێتێكان بۆ داناوە، بۆ ڕێگریكردن لە توانەوەی ئەو تۆڕەی كە پارێزگاری لە مێشك دەكات.
ئاشكراشی دەكات لەو نەشتەرگەرییەدا بڕی سیانزە هەزار دۆلاریان بە پزیشكەكە داوە، كەچی دوای حەوت مانگ لە نەشتەرگەرییەكە تەندروستی ئەحمەد تێكدەچێتەوە و پزیشكەكەش ئامادە نییە نەشتەرگەری دووەمی بۆ بكاتەوە.
ئێستا پزیشكێكی تر لە هەمان شار، ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ ئەحمەد، بەڵام لەبەرامبەردا داوای شەش هەزار دۆلار دەكات، گەیلان دەڵێ “پرسی چوار پزیشكمان كردووە لە توركیا و ئوردن، ئەوان دەڵێن ئێمە ناتوانین چارەسەری نەخۆشێك بكەین كە پێشتر نەشتەرگەرییەكی قورسی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام پزیشكێكی تر هەر لە ڕومادی ئامادەكاری خۆی نیشاندەوە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری و حەق دەستی ئەو كە داوای كردووە 60 وەرقەیە جگە لە خەرجی مانەوەی شەش مانگ لە نەخۆشخانەكە و چارەسەرییەكانی تری كە بە وانیشەوە پێ دەچێت تەكلیفی هەشت هەزار دۆلار بكات،”
ئەوەش دەڵێ “بار و گوزەرانی ئەحمەد زۆر خراپە و تا ئێستا نەیتوانیوە قەرزی نەشتەرگەری و چارەسەرییەكانی ڕابردووی ساف بكاتەوە، بەو وەزعە و لە خانووی كرێ و بوونی خێزان و سێ منداڵ، زەحمەتە بتوانێت جارێكی تر نەشتەرگەرییەكی لەم شێوەیە ئەنجام بداتەوە، لە كاتێكدا پزیشك هۆشداری پێ داوە كە دەبێت نەشتەرگەرییەكە لە ماوەی كەمتر لە سێ مانگ بكرێت ئەگەرنا گیانی دەكەوێتە مەترسی،”
دەشڵێت “لەپێناو پاراستنی گیانی ئەو و بێ باوك نەبوونی منداڵەكانی پەنامان بۆ كەسانی خێرخواز و مزگەوتەكان بردووە تا لەو ڕێگاوە بتوانین خەرجی نەشتەرگەرییەكە كۆ بكەینەوە.”