پشتیوان كەریم-سۆران:
بەپێی بڕیاری سەرۆكی حكوومەت زەوی بە فەرمانبەران دەدرێت. سەرۆكی شارەوانی سۆرانیش، دەڵێت: هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ڕێنماییان دەگرێتەوە زەوی وەردەگرن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرقاڵی ئامادەكردنی زەوین بۆ فەرمانبەران.
سەلوا شۆڕۆ، سەرۆكی شارەوانی قەزای ناوەندی سۆران، لە میانەی بەشداریكردنی لە پڕۆگرامی پرسی شاری” لە رادیۆی زاری كرمانجی، سەبارەت بە هەبوونی زەوی كە بەپێی بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، زەوی بە سەر فەرمانبەراندا دابەشدەكرێت، گوتی: دوای ئەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لە ئێستادا ئێمە سەرقاڵی ئامادەكردنی زەوین بۆ ئەو كەسانەی كە بڕیارەكە بگرێتەوە، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی، بەڵام رێژەیەكی زۆرمان ئامادەكردووە و سەرقاڵی ئەوەین كە بگەینینە ئەو رێژەیەی كە پێویستە.
سەلوا شۆڕۆ، سەرۆكی شارەوانی قەزای ناوەندی سۆران ئاماژەی بەوەشكرد:” لە ئێستادا یەكلا نەكراوەتە كە فەرمانبەری خۆجێی لە شوێنی خۆی موڵك وەردەگرێت یاخوود بە چ میكانیزمێك دەدرێتێ، بەڵام هەموو ئەوانەی رێنمایەكە دەگرێتەوە سوودمەند دەبن.