زاری كرمانجی-سۆران:
بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری باڵەکایەتی گوتی، سەرەڕای ھەموو قەیرانەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتێکی باشی دەڤەری چۆمان و باڵەکایەتی کردووە و ئێمەش ھەمیشە لەناو خەڵکین بۆ گەیاندنی داواکاریەکانیان بە حکوومەت، ھاوکات حکوومەتیش خۆشی بەردەوام مەیدانی سەردانی دەڤەرەکە دەکات و دەشڵێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ھۆڵێکی گەورەی بۆنەکان لە چۆمان دروست دەکرێت.
کرمانج عیزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دەڤەری باڵەکایەتی، گوتی: “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی دەڤەرەکەمان داوە و ئێستا کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لە بواری جێبەجێکردن دان و بەشێکیان بڕیارە دەست بەکارکردن بکەن، لەوانە پڕۆژەی ئاوی قەسرێ بە گوژمەی ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت و گەیاندنی کارەبا بۆ چەند شوێنێک و قیرتاوکردنی ڕێگای باڵەیان و دابینکردنی ئامێری تیشکی دیجیتاڵ بۆ بنکەی تەندروستی قەسرێ و کردنەوەی بنکەیەکی تەندروستی لە دەڤەرەکە و چەندین رێگای ناوخۆیی دروست کراون و بڕیارە رێگای سۆران بۆ چۆمان کاری لەسەر بکرێت و کڕینی ئامێری ستی سکان بۆ نەخۆشخانەی چۆمان و کردنەوەی سەنتەری شوشتنی گورچیلە لە چۆمان و کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەش لە بواری کارەبا جێبەجێکراون، ھاوکات یەکەم جارە کارەبا بگاتە دوایین ھێڵی سنووری لە حاجی ئۆمەران و کۆمەڵێک پڕۆژەی گەشتوگوزاریش ھەبوون و خاوێنکردنەوەی رێگاکان بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت کاری کشتوکاڵی بکات لە کوێستانەکان سوودی لێ وەرگرێت بۆ کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، بۆیە ئەمانە ھەمووی پێویست بوون و بەشێکیشن لە پڕۆژەکان و حکوومەتی ھەرێمیش کاری لەسەر کردووە و خزمەتێکی باشی ناوچەکە دەکات”.
کرمانج عزەت گوتیشی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ھۆڵێکی ھەزار کەسی داخراو لە چۆمان دروست دەکرێت، کە ئێستا زەوی بۆ تەرخانکراوە و بڕیارە دەست بەدروستکردنی بکرێت، بەھۆی ئەوەی ھۆڵی بۆنەکانمان نەبووە و پێویستمان بەو ھۆڵە ھەبوو، بۆیە ئێستا لەبواری جێبەجێکردن دایە”.
عزەت باسی لەوەشکرد: “کاری ئێمە وەکو حیزب ئەوەیە لەناو خەڵکدابین و گوێ لە خەڵک بگرین و لە داواکاری خەڵک و پێویستیەکانیان تێبگەین، بۆیە داواکاری و پێداویستی خەڵک دەکەینە بەرنامەو پلان و دەیدەینە حکوومەت و پارێزەری خەڵکین بۆ ئەوەی داواکاریەکانیان بگەیەنین بە حکوومەت، بۆیە ئێمە بووینەتە پردێک لە نێوان خەڵک و حکوومەت و باسی ئەو دەستکەوتانەش بۆ خەڵک دەکەین، ھاوکات ئێمە وەکو حیزب ئەو ڕۆڵە دەبینین بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری خەڵک بکرێت و حکوومەتیش سەرەڕای ھەموو ئەو قەیرانانە خزمەتێکی باشی دەڤەری باڵەکایەتی و چۆمانی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ خزمەتی زیاتری دەڤەرەکە بکرێت، چونکە حکوومەت جگە لەوەی ئێمە داواکاری دەگەیەنین خۆشیان بەردەوام مەیدانی سەردانی دەڤەرەکە دەکەن و دەیانەوێت لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی خەڵک بن و خزمەتیان بکەن”.