زارى کرمانجى-سۆران:
ئیبڕاهیم ڕەئیسى سەرۆککۆمارى ئێران، لەگەڵ سێ بەرپرسى باڵاى دیکە و تیمى پاسەوانەکانى رەئیسى و فڕۆکەوانەکەو یاریدەدەرەکانى، لە ڕووداوى تێکشکانى باڵەفڕەکەیان گیانیان لەدەستدا.
دوێنێ یەکشەممە 19ى ئایارى 2024، هێلیکۆپتەرێک ئیبڕاهیم ڕەئیسى سەرۆککۆمارى ئێران و شاندى یاوەرى (حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیرى دەرەوە، ماللک رەحمەتى، پارێزگارى ئازربایجانى رۆژهەڵات و محەمەد عەلى ئالهاشم، ئیمامى تەورێز)، بەمەبەستی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بەنداوێک لە سنووری پارێزگای تەورێز، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ تارانى پایتەخت، لە نزیک ناوچەی وەرزەقان کاتژمێر ( یەک و نیو )ى دواى نیوەڕۆ باڵەفڕەکەی سەرۆککۆمار تووشى ڕووداوێکى نەخوازراو دەبێت و لە دۆخێکى دژوار ون دەبێت و پەیوەندییەکانیان دەپچڕێت.
لە کاتى ونبوونى باڵەفڕەکەى سەرۆککۆمار، هەندێ لە ئاژانسەکانى هەواڵ و میدیایى ئێرانى، ڕووداوەکەیان بۆ نالەبارى کەشووهەوا گەڕاندەوە.
دواى گەڕانێکى زیاتر لە 10 کاتژمێرى، لەلایەن سوپاى پاسداران و تیمەکانى مانگى سوورى ئێران، بە هاوکارى چەند وڵاتێکى دیکە، توانرا شوێنى باڵەفڕە تێکشکاوەکە ببیننەوەو، دواتر لایەنە فەرمییەکانى ئێران، هەواڵى گیان لەدەستدانى سەرۆککۆمارى ئێران و شاندى یاوەری، بەهۆى تێکشکانى باڵەفڕەکەیان راگەیاند.
ڕووداوەکە لە ناوچەیەکى شاخاوى سەخت لە نزیک شارى جوفا لە سنوورى ئازەربایجان و نزیکەى 600 کیلۆمەتر لە باکوورى ڕۆژئاواى تارانى پایتەختى ئێرانەوە ڕوویداوە.