شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی نەشتەرگەری، دەڵێت” شێرپەنجەی سورێنچك، یەكێكە لەوانەی كاتێك خانەكانی سورێنچك بە ناسروشتی زیاد دەبن ناتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت.
د. هێمن حسێن كاكە عەلی، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری هەرس، جگەر، پەنكریاس و نەشتەرگەری قەڵەوی، شێرپەنجەی سورێنچك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” سورێنچك ئەندامێكی گرنگی جەستەیە، خواردن و شلەمەنیەكان لە رێگەیەوە دەگەنە گەدە و دواتر لەوێشەوە هەرس دەكرێن، هەروەها شێرپەنجەی سورێنچك حاڵەتێكە كاتێك خانەكانی سورێنچك بەشێوەیەكی ناسروشتی زیاد دەكەن ناتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەشێوەیەكی گشتی لە سەرەتادا هیچ نیشانەیەكی زۆر دیار دەرناكەوێت، لەگەڵ گەشەكردندا هەندێك لە نیشانە سەرەتاییەكان دەردەكەون ئەوانیش:
- قورسی لە قووتدانی خواردندا
- كۆكە و گیرانی دەنگ
- لەدەستدانی كێش بەشێوەیەكی ناسروشتی
- تێكچوونی كرداری هەرس و دروستبوونی ترشەلۆكی زۆر
- هەستكردن بە سووتان، ئازار و پەستانێكی زۆر لەسەر سنگ
- ئازارێكی زۆری گەروو
- هەستكردن بە خنكان لەكاتی خواردندا
- رشانەوە
- قورسی لە قوتدانی سەوزەی كاڵ و گۆشتەكان
ئەم پزیشكە ئاشكراشیكرد” كاتێك ئەو نیشانانە دەردەكەون نابێ پشتگوێ بخرێن، پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشك بكرێت بۆ دەستنیشانكردنی جۆری نەخۆشییەكە و رێگاكانی چارەسەركردنی.