شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی گیادەرمان، دەڵێت” هەندێك كەس هیچ زانستێكی ئەكادیمی و بڕوانامەیەكی زانستی گیادەرمان و دەرمانسازیان نییە، كە چی هەر لە خۆیانەوە لە خۆیانەوە دەرمانی گیایی دروست دەكەن.
د. بەدر سورچی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و پزیشكی پسپۆڕی گیادەرمان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” هەڵەكانی بەكارهێنانی گیادەرمان، ئەویش بە دروستكردن و تێكەڵكردنی گیادەرمانەكان بەشێوەیەكی نازانستی بێ ئەوەی سوود و زیان و كارلێكی بزانن، ئەمەش وای كردووە خەڵك تووشی چەندین كێشە ببێت.
زیانەكانی بەكارهێنانی گیادەرمان بەشێوەی نازانستی ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
- تێكەڵكردن بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و بێ لێكۆڵینەوە، هەروەها ئامادەكردن لەڕووی رێژەی ئەو گیایە كە لە تێكەڵەكەدا هەن، ئەمەش بەهۆی نەزانینیان لە ماددە چالاك و كاریگەرەكانی ناو گیاكە.
- بەكارهێنانی دەستەواژەی “گیا یان دەرمانی سروشتی” كە بۆ فروشتن و پەرەپێدانی تێكەڵەكانیان بەكاری دەهێنن، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە سەلامەتە و زیانی تەندروستییان نییە لەكاتی بەكارهێنانیاندا، یان وەك دەگووترێت ئەگەر سوودیشی نەبێت زیانی نییە، ئەمەش دوور ە لە راستی، چونكە ئەگەر بە هەڵە بەكاری بهێنن چەندین كاریگەری لەسەر جگەر، گورچیلە، شێرپەنجەی كۆئەندامی هەرس و خوێنبەربوون لێیاندەكەوێتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی نەزۆكیش.
- زۆربەی ئەو كەسانە زانیاریان لەسەر ماوەی بەسەرچوونی تێكەڵەكە نییە، ئەمەش بەندە بە چەندین پێوەرەوە وەك پلەی گەرمی، شێ، چڕی رووناكی و كوالێتی پاكەتكردن، كە هەموو ئەمانە كاریگەرییان لەسەر ماددە چالاكەكانی ناو بەشەكانی رووەك هەیە.
- هەموو كەسێك بۆی نییە گیا تێكەڵ بكات لەگەڵ گیایەكی تر، یاخود لەگەڵ زەیت، هەنگوین، كەرەستەكانی دیكەی خۆراك، یانیش كوڵاندن و ئامادەكردنی بۆ ماوەیەكی زۆر.
- دەبێ ئەو كەسە زانیاریان هەبێ لەسەر بوونی هەستیاری بە جۆرێكی دیاریكراوی گیاكان، هەروەها ئەو ئاڵۆزییانەی كە رەنگە لە ئەنجامی بەكارهێنانی ئەم تێكەڵە هەڕەمەكییانە بەدیار بكەون.
- هەندێك كەس پەنا دەبەنە بەر شێوازی ساختەكاری و چەواشەكاری بە تێكەڵكردنی دەرمانی كیمیاوی لەگەڵ تێكەڵەی گیایی تر دەفرۆشرێن و نەخۆشەكەش تاكە كەسە كە زیانی پێدەگات كاتێك ئەو تێكەڵانە بەكاردەهێنێت.
- بەشێك لە تێكەڵە گیاییەكان زانیاری سەرەتایی پێویستییان تێدا نییە سەبارەت بە پێكهاتەكە، وەك ناو و رێژەی سەدی ئەو گیایانەی كە لە تێكەڵەكەدا هاتووە، بەو پێیەی لە ناوەڕۆك و سەرچاوەدا بە نادیار دادەنرێن، بۆیە مەترسییەكانیان لەوەدایە لەوانەیە ماددەیان تێدابێت كە كارلێك لەگەڵ هەندێك دەرمانی تردا بكەن نەخۆشەكە لە هەمان كاتدا بەكاری دەهێنێت و ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستی دروست دەكات.
- دڵنیابوون لە پاكی گیاكە بەر لە كڕین، بەو پێیەی هەندێك لە شوێنەكان گرنگی بە هەڵگرتنی باشی گیاكە نادەن، وەك هێشتنەوەی لە شوێنێكی فێنك و وشكدا، هەروەها لە كاتی پێشكەشكردنی بۆ فرۆشتن لەبەرچاو مەگرن بۆ ئەوەی بیخەنە ناویەوە پاكێجی بەكارهێنەری پاك و گونجاو بۆ پاراستنی لە تۆز، شێ، مێروو و پیسبوون بە هەموو جۆرەكانیەوە.
- هەندێك گیا و رووەك پیسی و پیسكەری كیمیایی وەك قڕكەری تێدایە كە بەسەر رووەكەكەدا دەڕشێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئافاتەكان.
-باش نییە چارەسەری نەخۆشیەكەت لە كەسانی ناپسپۆر وەربگیرێت چونكە ئەوان پسپۆڕ نین و مۆڵەتی پیشەییان نییە بۆ چارەسەركردن بە گیادەرمان، بۆیە پێویستە پێش بەكارهێنانی راوێژ بە پزیشكی پسپۆڕ بكەن، بەتایبەت ئەگەر كەسەكە تووشی نەخۆشی درێژخایەن بووبێت. - هەندێ كەسیش واز لە دەرمانی پزیشك دەهێنن بە قسەی ئەوانی دیكە دەكات كە گوایە بۆ نەخۆشییەكانی شەكرە و پەستانی خوێن یەسوودە.