زاری کرمانجی – سیدەکان:
کەمێک بەر لە ئێستا، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بەچڕی ناوچە سنوورییەکانی دەڤەری برادۆستیان لە لە سنووری ئیدارەی سۆران بۆردومان کرد .
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە سیدەکان، بەزاری ڕاگەیاند:” بەمەبەستی لێدان و کردنە ئامانجی پارتی کرێکارانی کوردستان ” پەکەکە ” فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا، نزیك کاتژمێر 8ی ئەمڕۆ یەکشەممە، چیای بۆڵێی لە سنووری قەزای سیدەکان بۆردومان کرد .
ئاشکراشی کرد:” لەو بۆردومانەدا هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل نەبۆتە قوربانی، زەرەر و زیانی ” پەکەکە “ـش نەزانراوە .
ماوەی چەندین ساڵە، پەکەکە لەگەڵ تورکیا ناکۆکی سیاسییان هەیە، بەهۆی هەبوونی چەکدارانی ” پەکەکە” ش لە ناوچەکە، بەردەوام تورکیا لە ڕێگەی تۆپ و فڕۆکە تۆپباران و بۆردومانی گوند و ئاوای و ناوچە سنووریەکانی قەزای سیدەکان دەکات .
قەزای سیدەكان لە ڕووی کارگێڕیەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و خاوەنی 250 گوند و چەندین کوێستانی هەیە، زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەکەکە و بۆردمان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردوو بەهۆی پەكەكە و توركیا لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.