ئەندامێكی مەكتەب سیاسی پارتی، بەغدا بەڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شەنگالی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق ناوزەد دەکات و، دەڵێت ” ڕێگرییەکان لەلایەن ئەو هێزانەوە دەکرێت کە خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و سەربازین”.
نەوزاد هادی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە “ڕێککەوتنی شەنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق ئەنجامدراوە و حکومەت خاوەن دەسەڵاتە، بەڵام کۆمەڵێک ناوەندی بڕیار لە عێراق هەن و ڕێگری دەکەن.”
ئەم ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی روونیدەكاتەوە “بەپێی ڕێککەوتنی شەنگال، دەبێت هەموو هێزە چەکدارەکان دەربچن و دەسەڵاتی سەربازی ناو شار ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت.”
نەوزاد هادی زیاتر گووتێتی،”ڕێککەوتنامەی شەنگال لە نێوان هەرێم و عێراق و بە ڕەزامەندی یۆنامی و هاوپەیمانان ئەنجامدراوە، دەبێت دەسەڵات ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت و ئاوارەکانیش قەرەبوو بکرێنەوە.”
لەسەر رەهەندی رێككەتنامەكەش نەوزاد هادی دەڵێت”ڕێککەوتنامەکە سیاسی نییە بەقەدەر ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵکی شەنگالە، بەڵام تا ئێستا ڕێگری هەیە لە جێبەجێکردنی.”