زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا لە ژێر دروشمی ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی ھەرێمە، ھەنگاوێکی یەکجار گرنگ نراوە و بەردەوامیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی لە رێگەی چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە ھەرێمی کوردستان ژینگەیەکی پاک و خاوێنی ھەبێت و دەشڵێ، ئێستا کوردستان لەسەر نەخشەی ھەوڵە جیھانییەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا، بۆیە لەم کابینەیەدا کاری زۆر باش کراوە و ھەماھەنگیمان لەگەڵ چەندین وەزارەت ھەیە و ھاوکار و ھەماھەنگن.
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، گوتی: “دەستەی ژینگە، کە دەستەیەکی چاودێری و ھەماھەنگیی ژینگەییە و کار دەکات لەسەر ھەڵسەنگاندنی کاریگەرییە ژینگەییەکانی گشت پڕۆژەکان و پرسی رەزامەندیدان بە پڕۆژەکان و چاودێریکردنی کارو چالاکییان و ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەت و دەستە جێبەجێکارەکان و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی ژینگەیی لە پێناوی ئامانجەکانی وەک پاراستنی ژینگە و چاککردنی و گەشەپێدانی بەردەوام، لە ڕێگەی ھۆکار و ئامرازەکانی وەک ھۆشیاری و یاسا و بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای ژینگەدۆست، بۆ ئەم مەبەستانەش ھەماھەنگی دەکات لەگەڵ وەزارەت و دەستە جێبەجێکارەکان، وەک دەستەی وەبەرھێنان، ئەمەش لە پێناوی کارئاسانییە بۆ وەبەرھێنان، بۆ ئەو پڕۆژانەی کە دۆستی ژینگەن و پابەندکردنی خاوەن پڕۆژە، بۆ ئەوەی بەشێک لە وزەی کارەبای پرۆژەکە لە سەرچاوەی وزەی خاوێنی وەک خۆرەوە بێت، لەگەڵ بایەخدان بە چەمکی وەبەرھێنانی سەوز یان ژینگەیی لە بواری وزەپارێزیدا”.
سدیق دەشڵێ: “لایەنێکی دیکە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە بۆ کارکردن بە چەمکی بیناسازیی سەوز، بە جۆرێک باڵاخانەکان لە داھاتوودا ببنە خاوەنی رووناکیی سروشتی و کوالێتییەکی زۆر باشی ھەوا و رووانینە سەر دیمەنی جوان و ئارامیبەخش و دوور لە ژاوەژاو و بەکارھێنانی وزەی نوێبوەوەی وەک وزەی خۆر”.
گوتیشی: “ھەماھەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەیە بۆ کارکردن بە چەمکی ئابووریی سەوزی بەردەوام و بانکی سەوز و پارەدارکردنی سەوز بۆ پڕۆژەکان و ھەوڵدان بۆ پێدانی قەرزی بچووک بۆ پڕۆژەکانی وزەی خۆر و لایەنی چوارەم وەزارەتی پلاندانان بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی رێککەوتننامەی پاریس لەنێو پلانی ساڵانەی وەزارەتەکاندا و جەختکردنەوە لەسەر باسە ژینگەییەکان لەنێو دیدگای ٢٠٣٠ دا، پێنجەم لایەنیش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە بۆ سوودوەرگرتن لە غازی ھاوەڵ و بەفیڕۆدراو و وەبەرھێنان لە سووتەمەنیی پاک و وزەی نوێبوونەوە و ھاوردەکردنی نوێترین تەکنۆلۆژیای سەوز لە بواری بەرھەمھێنانی نەوتدا و لەگەڵ وەزارەتی کارەبا ھەماھەنگیمان ھەیە بۆ زیادکردنی بڕی کارەبای بەرھەمھاتوو لە سەرچاوەی وزە نوێبووەکانەوە و دانانی یەکەی چارەسەر بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا”.
عەبدولڕەحمان سدیق ئاماژەشی دا: “کار دەکەین بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان لە بواری بەرھەمھێنانی وزە و باش بەکارھێنانی باشترین جۆری وزە، کە سەرچاوەیەکی سرووشتیی ھەمیشەیی لەبننەھاتووی خۆنوێکەرەوەی خاوێنە، کە بەھۆیەوە ژینگە پیس نابێت، وەک وزەی خۆر، وزەی با، وزەی کارۆئاوی و وزەی شەپۆلەکان و وزەی گەرمی و بایۆوزە، بۆیە پێویستە وزە بپارێزین لە ڕێگەی بەکارھێنانییەوە بە شێوەیەکی ئابوورییانە بە مەبەستی کەمکردنەوەی بڕی پارەی ھاوبەشیکردن لە کارەبا و کەمکردنەوەی دەرھاویشتە گازییەکانی کاریگەر لەسەر ژینگە و پشتگیریکردن پیشەسازی لە بواری بەرھەمھێنانی ئەو ئامێرانەی دۆستی ژینگەن و وزەی کەم بەکار دەبەن، بۆیە پێویستە ئاماژەیەکی کورت بە ڕۆڵی وزە نوێبووەوەکان بدەین، کە لە سەرچاوەی سرووشتی و ھەمیشەیی ئەوتۆی وەک خۆر و باو ئاو و گەرمییەوە دێنە بەرھەم و خۆ نوێ دەکەنەوە بە بڕی زۆریش لە بەردەستن و لە ھەموو شوێنیکیشدا بوونیان ھەیە”.
سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەو راستییەی، کە “ھەموو کەسێک وەک تاک و خێزان دەتوانن ببنە چاودێر و ئاگادارکەرەوەی ژینگەیی بۆ رێنماییکردنی ھاووڵاتیان بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە لە بەرپرسیارێتییان و ئاگادارکردنەوەی دروستکارانی بڕیاریش لەو راستییەی کە بەرھەمھێنانی وزەو پاراستنی و باش بەکارھێنانی پارێزەری گشت دەستکەوتەکانمانە”.
سدیق باسی لەوەش کرد: “بایەخدان بە وزەی خاوێن و وەبەرھێنانی سەوز لە پێناو ئابوورییەکی بەھێز و فرەجۆردا کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانی ھەرێمەکەمان بخاتە سەر نەخشەی ھەوڵە جیھانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کاتێک رەزامەندیی نیشان دا لەسەر کردنەوەی فەرمانگەی گۆڕانکاریی کەشوھەوا لە دەستەی ژینگە وەک بەدەمەوەچوونێک بۆ ئەو بایەخپێدانە جیھانییەی، کە ھەیە بۆ پرسی گۆڕانی کەشوھەوا، لە ڕێگەی یارمەتیدانی دەستەی ژینگە بۆ ھەماھەنگیی لەگەڵ ناوەندە سەرەکییەکانی تایبەت بەم پرسە گرنگە و لەلایەکی دیکەشەوە بەشداربوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە فراوانەکانی ناوچەکە و جیھان لەبارەی پرسی وزە نوێبووەوەکان و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەواوە، وەڵامدانەوە و بەدەمەوەچوونن بۆ ئەو ھەنگاوانەی کە ئەمڕۆ زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیھان دەینێن بەرەو ئابوورییەکی سەوزی بەردەوام و وەبەرھێنان لە بواری ژینگەدا، وەک خۆئامادەکردنێک بۆ ئایندەیەک کە زۆر شتی تێدا دەگۆڕێت لە بواری بەرھەمھێنانی وزە و پاراستنیدا، کاتێک وزە و جۆرەکانی دەبنە پارێزەری راستەقینە بۆ پاراستنی وڵاتان و ھەرێمەکان لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیای ھاوڕێی ژینگە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لە پێناوی بەرجەستەکردنی ئەو دروشمەی کە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە و دەڵێت، ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی ھەرێمە”.
لە کۆتاییدا سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: “کوردستان لەسەر نەخشەی ھەوڵە جیھانییەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوامە لە رەخساندنی دەرفەت بۆ کۆمپانیاکان بۆ کارکردن لە بواری وەبەرھێنانی ژینگەییدا بۆ ئەو پڕۆژانەی دەبنە مایەی کەمکردنەوەی گۆڕاکارییەکانی کەشوھەوا، وەک بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆر و ئاو و با و دابینکردنی ھۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیی بەردەوام و دۆزینەوەی ھەلی کار و پیشە سەوزەکان و پڕۆژەکانی پاراستنی بایۆدایڤێرسیتی و فرەجۆریی زیندەوەرەکان و پڕۆژە بچووکەکانی تایبەت بە لاوان و ئافرەتان لە بواری ئەو کارانەی کە ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوھەوا کەم دەکەنەوە و ریسایکلینی ئاوی قورس و پاشەڕۆکان و سەوزکردنی شار و زیادکردنی رووبەری سەوزایی و پاڵاوتنی نەوت بە تەکنۆلۆژیای نوێی ناسراو بە تەکنۆلۆژیای سەوز و پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە بواری دابینکردنی وزەی خاوێندا”.